نێتفلێکس ستۆدیۆکانی وارنەر و (ئێج بی ئۆ ماکس) بە 72 ملیار دۆلاری دەکڕێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نێتفلێکس رێککەوتنێکی مێژوویی لەگەڵ کۆمپانیای وارنەر برۆس دیسکەڤەری، گەورەی کۆمپانیای بواری بەرهەمهێنانی سینەما کردووە کە خاوەنی زنجیرە بەناوبانگەکانی (Harry Potter) و (Friends)ـە، بەمەبەستی کڕینەوەی ستۆدیۆکان و بزنسی پەخشی ئۆنلاین بە بڕی 72 ملیار دۆلار.
گرێبەستەکە دوو گەورەترین کۆمپانیای بواری فیلم و تەلەڤزیۆن پێکەوە کۆدەکاتەوە، دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە نەخشەی پیشەسازیی کات بەسەربردن لە جیهاندا.
جگە لە بەشی بەرهەمهێنانی فیلم و تەلەڤزیۆن، وارنەر خاوەنی هەریەکە لە (ئێج بی ئۆ ماکس) و (دی سی ستۆدیۆ)ـیە، لە بەرامبەردا نێتفلێکس کە پێشەنگی پەخشی ئۆنلاینە، خاوەنی کۆمەڵێک بەرهەمی جیهانیی وەک (Stranger Things) و (Squid Game)یە.
بەپێی رێککەوتنەکە، مامەڵەکە بە نەختینە و پشک دەبێت و بەهای هەر پشکێکی وارنەر بە 27.75 دۆلار دیاری کراوە؛ بەمەش کۆی بەهای کۆمپانیاکە دەگاتە نزیکەی 82.7 ملیار دۆلار.
چاوەڕوان دەکرێت رێکارەکانی گواستنەوەی خاوەندارێتی لە 12 بۆ 18 مانگی داهاتوودا تەواو ببن، ئەوەش دوای ئەوەی وارنەر پرۆسەی جیاکردنەوەی کەرتی کەیبڵەکانی تەواو دەکات.
تۆڕەکانی وەک (سی ئێن ئێن) و (دیسکەڤەری) بەشێک نین لەم گرێبەستە و ناگوێزرێنەوە بۆ نێتفلێکس.
ئەم هەنگاوە چاوەڕوانی وردبینییەکی تووند دەکات لەلایەن دامەزراوەکانی چاودێریی بازاڕ، تێکەڵبوونی نێتفلێکس و ئێنج بی ئۆ ماکس واتە کۆکردنەوەی دوو گەورەترین ناوی جیهانی ستریمینگ لەژێر یەک خاوەندارێتیدا.
مایک پرۆڵکس، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە دامەزراوەی فۆرێستەر دەڵێت، ئەگەر ئەم گرێبەستە سەر بگرێت، نێتفلێکس پێگەی خۆی دەچەسپێنێت و ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە هاوکێشەی جەنگی پلاتفۆرمەکاندا.
هێشتا روون نییە ئایا نێتفلێکس و ئێج بی ئۆ ماکس وەک دوو تۆڕی جیاواز دەمێننەوە یان نا.
بەدەستهێنانی ستۆدیۆکانی وارنەر گۆڕانکارییەکی بەرچاو دەبێت بۆ نێتفلێکس، بەتایبەتی لە بواری نمایشی سینەماییدا. نێتفلێکس بەڵێنی داوە پابەند بێت بە گرێبەستەکانی وارنەر بۆ نمایشکردنی فیلمەکان لە هۆڵەکانی سینەما.
هەرچەندە نێتفلێکس زۆربەی بەرهەمەکانی لە پلاتفۆرمەکەی خۆی پەخش دەکات، بەڵام ئەمساڵ بۆ فیلمی (Frankenstein) و کۆتا وەرزی (Stranger Things) و هەروەها فیلمی (KPop Demon Hunters) کە داهاتێکی باشی هەبووە، پلانی نمایشی سینەمایی هەبووە.
هەندێک لە چاودێران هۆشداری دەدەن کە ئەم یەکگرتنە لەوانەیە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی جۆراوجۆریی بەرهەمەکان و کەمکردنەوەی بژاردەکان لە بەردەم بینەراندا.