لون بەرهەمێک بۆ ناڕەزاییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لون، هونەرمەندی کورد و دانیشتووی ئەڵمانیا، نوێترین بەرهەمی بەناوی 'هەستەوە' بە زمانی ئەڵمانی بڵاودەکاتەوە کە بۆ پاڵپشتی لە ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و هەموو ژنانی جیهانە گوتراوە.
لون، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم بەرهەمە بەناوی 'Steht Auf'ـە واتە 'هەستەوە' کە پاڵپشتی لە ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە، لە هەمانکاتتدا پاڵپشتییە لە هەموو ژنانی جیهان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "ئەرکی سەرشانمە ببم بە دەنگی میللەتانی چەوساوە و ئافرەتانی ستەملێکراو لە هەرکۆێ هەبن، ناتوانم دڵخۆش بم لە کاتێکدا میللەتانی دیکە، ئافرەتان و منداڵە چاوگەشەکان بچەوسێنرێنەوە و برسیبن، منیش لە ئەڵمانیا بە خۆشی بژیم، ناکرێت وەک هونەرمەندێک دەنگم نەبێت و هەڵۆێست نەنۆێنم".
لون، ناوی تەواوی مەیلان تاریق غەفوورییە و ئامادەکاری بۆ بڵاوکردنەوەی ئەلبوومێکی نوێ دەکات و لەبارەیەوە گوتی، ئەلبوومی نوێی لە 15 تراکی گۆرانی پێک دێت و تراکەکانی هەمەرەنگن و بڕیارە لە 27ـی کانوونی دووەمی 2023 بڵاوبکرێتەوە. روونیشیکردەوە، گۆرانی 'هەستەوە' یەکێک لە تراکەکانی ئەلبوومەکە نابێت.
ئەو گۆرانیبێژە کوردە رایگەیاند، بەنیازبوون ڤیدیۆکلیپی گۆرانی 'هەستەوە' لە باشووری کوردستان ئەنجام بدەن، بەڵام بەهۆی کەمی کات ئەو دەرفەتە نەڕەخسا و بەنیازبوون وەک فیلمێکی پێنج خولەکی بەرهەمی بێنن. گوتیشی "بە حەزەوە لە داهاتوودا ئەگەر پێویست بێت بەرهەمەکانی لە کوردستان ئەنجام دەدەم".
ڤیدیۆکلیپی 'هەستەوە' لە کەناڵی تایبەتی لون لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە و لە ماوەی یەک رۆژدا زیاتر لە 64 هەزار بینەری هەبووە، تێیدا ئەو هونەرمەندە جلوبەرگی کوردی پۆشیوە و درووشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' تێدا بەکارهاتووە.
لون لە 25ـی ئەیلوولی 2002 لە شاری هایدلبێرگی ئەڵمانی لە دایکبووە، یەکەم گورانی بە ناوی '-Gebeaufگێبەئاوف' بڵاوکردووەتەوە و لە 2021 خەڵاتی وەرگرتووە، لە هەمان ساڵدا ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی 'Mundschein-موندشاین' بڵاوکردووەتەوە و هەشت تراکی گۆرانی لەخۆدەگرێت.
لە هەموو بەرهەمەکانی لون کە بە زمانی ئەڵمانین، بەشێکی بە زمانی فەرەنسییە، تەنیا بەرهەمی 'هەستەوە' نەبێت کە تەنیا بە ئەڵمانییە.
ئەو هونەرمەندە کوردە دوێتی لەگەڵ هونەرمەندانی ئەڵمانی و فەرەنسی هەیە و بڕیارە دوێتی لەگەڵ گۆرانیبێژانی دیکەش هەبێت.
لون، لە 12ـی ئازاری 2021 ڤیدیۆکلیپێکی بەناوی 'Alles Verdient' واتە 'شایەنی هەموو شتێکن' لەبارەی کورد و پێشمەرگە بڵاوکردەوە و زیاتر لە دوو ملیۆن و 517 هەزار بینەری لە یوتیوب هەیە.
دوایین ڤیدیۆکلیپی لون بەناوی 'Nour EL Ain' بوو کە بەرهەمێکی دوێتە لەگەڵ نەجوا، گۆرانیبێژی فەرەنسی و لە 2 کانوونی یەکەمی 2022 بڵاوکرایەوە و 509 هەزار بینەری لە یوتیوب هەیە و بە زمانی ئەڵمانی، فەرەنسی و عەرەبییە.