رەوا جەمال: ئەو پارەیەی لە پزیشكیدا پەیدای دەكەم لە هونەردا خەرجی دەكەم

رووداو- سلێمانی

هەم پزیشكی ددانە و هەمیش گۆرانیبێژ، چەند ساڵێك لەمەوبەر بە گوتنەوەی چەند گۆرانییەكی هونەرمەندان عەدنان كەریم و بەهجەت یەحیا دەستی پێكرد، بەڵام ئێستا لە مەیدانی هونەردا ناوێكی ئاشنا و دیارە. دكتۆر رەوا جەمال عەبدول ساڵی 1982 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە و ماستەری لە پزیشكی دداندا هەیە. دكتۆر رەوا لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) وردەكاریی زیاتر سەبارەت بە كاری هونەری و ژیانی تایبەتی خۆی باس دەكات.

رووداو: باوكت (جەمال عەبدول) كەسایەتییەكی دیاری كوردستانە، ئەویش هونەردۆستە؟

د.رەوا جەمال: بێگومان هونەردۆستیشە، باوكم گوێیەكی موزیكی هەیە و دەنگیشی تاڕادەیەك پاك و بێخەوشە، بەڵام بەهۆی سەرقاڵی بە كاری رۆشنبیری و سیاسییەوە نەیتوانیوە بواری هونەر هەڵبژێرێت، هەمیشە پشتگیریی كردووم، بەڵام دەیگوت خوێندن و پیشەكەم بۆ هونەر بەلاوە نەنێم.

رووداو: لە چەند ساڵییەوە سەرقاڵی كاری هونەریت؟

د.رەوا جەمال: لە منداڵییەوە بەردەوام گۆرانیم گوتووە، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا بە هاوكاریی موزیسیان میران سەردار ئەو گۆرانییانەم گوتەوە كە رۆژانە لەزاری خەڵكەوە دەگوترێنەوە و لە یوتیوب بڵاوم كردنەوە ئەوەش وەكو هەستێكی خۆم، نەك بەشێوەی ئەلبووم بێت و بازرگانیی پێوە بكەم.

رووداو: دوای بڵاوكردنەوەی ئەو گۆرانییانە هەڵوێستی باوكت چۆن بوو؟

د.رەوا جەمال: خۆم و ماڵی باوكیشم بۆ بڵاوكردنەوەی گۆرانییەكان پێمان خۆش نەبوو، چونكە ئەو گۆرانییانەم بۆ بڵاوكردنەوە نەگوتبوون و ئەگەر بمزانیایە بڵاودەكرێنەوە بەشێوەیەكی باشتر ئامادەكاریم بۆ دەكرد. نزیكەی 32 تراكم لە یەك رۆژدا تۆمار كرد.

رووداو: تۆ دەڵێی بۆ بڵاوكردنەوەی نەمگوتبوون، بەڵام خۆت لە یوتیوب بڵاوتكردنەوە، خەڵكیش ئازاد نین لەوەی گۆرانییەكانت دووبارە بڵاوبكەنەوە؟

د.رەوا جەمال: مەبەستم ئەوەیە رەنگە لێرە نامۆ بێت، ئەگینا لە زۆربەی وڵاتانی دەرەوە هەوادارانی ئەو هونەرمەندانە لە ژوورێكی خۆیاندا كامێرایەك دادەنێن و گۆرانی دەڵێن و لە یوتیوبیش بڵاودەكرێتەوە و ناشخرێتە سەر سیدی، منیش وەكو ئارەزوو و سەرسامییەك بە دەنگی ئەو هونەرمەندانە گۆرانییەكانم گوتنەوە.

رووداو: كاتێك ئەو گۆرانییانەت گوتنەوە پرست بەو هونەرمەندانە كردبوو؟

د.رەوا جەمال: نەخێر، بەڵام ئاساییە، لەبەرئەوەی هەر كەسێك بیەوێت دەنگی خۆی بە خەڵك بناسێنێ، پێویست دەكات گۆرانی هونەرمەندانی پێش خۆی بڵێتەوە، ئاخۆ خەڵك بە پەسەندی دەزانن یان نا.

رووداو: بەڵام بۆچی بەتایبەتی گۆرانییەكانی هونەرمەندان عەدنان كەریم و بەهجەت یەحیا؟

د.رەوا جەمال: لەبەرئەوەی لە منداڵییەوە گوێم بە گۆرانییەكانی عەدنان كەریم و بەهجەت یەحیا و نەجمەی غوڵامی و مەزهەری خالقی كراوەتەوە، كەس گۆرانییەك ناڵێتەوە ئەگەر كاری تێنەكردبێ.

رووداو: ئەلبوومی گەڕانەوەت بەراورد بەو گۆرانییانەی دیكە وەكو دەگوترێت لەڕووی فرۆش و جۆری بەرهەمەكەوە كەمتر چووە نێو خەڵكەوە، بۆچی؟

د.رەوا جەمال: بۆ فرۆشتن دەتوانن لە سەنتەرەكە بپرسن و ئەوەندەی ئاگادار بم 15 هەزار نوسخەی لێ فرۆشراوە، لە كاتێكدا هەندێك لە هونەرمەندی تۆپ پێنج هەزار دانە لە ئەلبوومەكەی چاپكردووە. بۆ جۆری كارەكەش بێگومان هەموو كارێك وەكو كارەكانی پێشتر نییە و ئەو گۆرانییانەی پێشتر لە یادەوەریی خەڵكدا مابوونەوە، بەڵام دەتوانم بڵێم چەند گۆرانییەكی ئەلبوومەكەش دەنگدانەوەیەكی باشیان هەبوو.

رووداو: دوای ئەلبوومی یەكەم، گوتت ئەلبوومی دیكە بڵاوناكەمەوە، بەڵام وا ئەلبوومێكی دیكە بەرهەم دێنی، چۆن بوو پەشیمان بوویتەوە؟

د.رەوا جەمال: لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەردەوام پەیوەندیم لەگەڵ هەوادارانم هەیە و لەسەر داوای ئەوانیش بڕیارم دا ئەلبوومی نوێ بەرهەم بێنم، ناڵێم ساڵانە دەتوانم ئەلبوومی نوێم هەبێت، چونكە بەكاری پزیشكیشەوە سەرقاڵم، بەڵام ئەوەندەی پێم بكرێت بەردەوام دەبم. 

رووداو: سەرچاوەی داهاتت چییە؟

د.رەوا جەمال: كاری پزیشكییە، لەوێ دەستم دەكەوێت و لە هونەردا خەرجی دەكەمەوە.

رووداو: وەك دەزانین خێزانت نییە، هەوادارانت ئەو پرسیارە دەكەن؟

د.رەوا جەمال: لەلایەكەوە حەزم كردووە سەرقاڵی كاری خوێندن و پیشەكەم و هونەر بم، لە منداڵیشەوە حەزم كردووە لە دوای سی ساڵی خێزان پێكەوە بنێم، ئەوەش قیسمەت و نسیبە.

رووداو: دەڵێن زۆر راڕایت، بۆیە تا ئێستا ژنت نەهێناوە؟

د.رەوا جەمال: بەڵێ‌ وایە.

رووداو: ئەی خۆشەویستت نییە؟

د.رەوا جەمال: نەخێر.

رووداو: دەگوترێ پێشتر خۆشەویستت هەبووە و لە ئەڵمانیا بووە، بەڵام نە تۆ توانیت بڕۆیتە لای و نە ئەویش ئامادە بوو بێتەوە كوردستان، بۆیە بەیەك نەگەیشتن، ئەوە راستە؟

د.رەوا جەمال: (بەپێكەنینەوە)  كوڕە ناوەڵڵا ئەسڵ و ئەساسی نییە.

رووداو: دەڵێن زۆر حەزت لە كافتریایەكە لە شەقامی بەختیاری، بۆیە كلینیكەكەشت لە شەقامی ئۆرزدییەوە بۆ شەقامی بەختیاری گواستەوە؟

د.رەوا جەمال: بەپێی هەبوونی كات دەچمە كافتریا، بەڵام گواستنەوەی كلینیكەكە پەیوەندی بە كافتریاكەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە قەرەباڵغیی شەقامەكانەوە هەیە، زۆرجار نەخۆشەكان بەهۆی قەرەباڵغییەوە درەنگ دەگەیشتن، جگە لەوەش لە ماڵەوە بۆ شەقامی ئۆرزدی بۆ خۆم دوور بوو.

رووداو: دوای چەند ساڵێك لە كاری هونەری، رای باوكت چییە؟

د.رەوا جەمال: كارەكانی بەدڵن، بەڵام جەخت دەكاتەوە كە كاری زۆر و بۆر نەكەم و كارەكانیش رەسەنایەتییان پێوە دیار بێت و بمێننەوە.

رووداو: زۆربەی كورد هاندەری ریاڵ مەدرید یان بەرشەلۆنەن، بەڵام تۆ هاندەری یانەی بایرن میونشنی، بۆچی؟

د.رەوا جەمال: بەپێی ئەو سەردەمەی تێیدا ژیاوم و سەرەتای سەیركردنی یاریم بۆ جامی جیهانی لەساڵی 1990 بوو، برایەكی گەورەشم هەیە هاندەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بوو، وێنەی یاریزانەكانی هەڵواسیبوو، بۆیە زیاتر حەزم لە تیپی بایرنە.

رووداو: هونەر و پزیشكیی ددان كامیانت لا خۆشەویستترن؟

د.رەوا جەمال: هەردووكیان زۆر جیاوازن، هونەر لەنێو رۆح و هەڵقوڵاوی ناخ و هەستە، بەڵام پزیشكی خەونێكی منداڵیم بووە و پراكتیزەكردن و بەرجەستەكردنە، بێگومان هونەر زیاتر ئارامی بە دڵ و جەستە دەدات، بەڵام پزیشیكی خۆشییەكەی ئەوەیە خزمەتی خەڵك دەكەیت.