لە رۆما بەرهەمەکانی کاراڤاجیۆ دەخرێنەڕوو


رووداو دیجیتاڵ

لە رۆمای ئیتاڵیا، پێشانگەیەکی تایبەت بە بەرهەمەکانی کاراڤاجیۆ، شێوەکاری ئیتاڵی دەکرێتەوە، لە سەدەی 17ـەوە ئەو تابلۆیانە پێکەوە لە ئیتاڵیا نەبینراون.
 
پێشانگەکە بەناوی "كارافاجيو 2025"یە و ئەمڕۆ هەینی 7ـی ئاداری 2025 کرایەوە، کۆشکی باروک لە رۆما، هەر پێنج دەرگەی خۆی بە رووی خەڵکدا دەکاتەوە و تاوەکو 6ـی حوزەیرانی 2025 بەردەوام دەبێت.
 
پێشانگەکە 24 تابلۆ لەخۆدەگرێت و تابلۆکان لە مۆزخانەی جیا جیا لە ئیتاڵیا و وڵاتانی دیکەی جیهان هێنراون.
 
دوو تابلۆی هەرە بەناوبانگی ئەو شێوەکارە بەناوەکانی "Ecce Homo" و"Portrait of Maffeo Barberini" هۆکاری راکێشانی هۆگرانی ئەو هونەرەن بۆ پێشانگەکە.
 
هەر لە پێشانگەکەدا تابلۆی "Portrait of Maffeo Barberini"ـە دەبیندرێت کە بەم دواییە دۆزرایەوە و ماوەی نیو سەدە بوو بێسەروشوێن بوو، ئیتاڵیا ئێستا هەوڵ بۆ کڕینەوەی دەدات.
 
لە رێگەی تابلۆکان، کاراڤاجیۆ تێڕوانینێکی نوێ دەخاتە پاڵ شۆڕشی هونەری و کولتووری.
 
پێشانگەکە تەواوی تابلۆکانی کاراڤاجیۆ لەخۆدەگرێت، هەر لە سەرەتای هاتنی بۆ رۆما لە 1595، ئەوکات ناچار کراوە بە پارەیەکی کەم وێنە بکێشێت و توانی لەو سەردەمە تابلۆی " Young Sick Bacchus" بکێشێت، دوایین تابلۆی لە 1610 بەناوی "The Martyrdom of St. Ursula" کێشاوە.
 
کاراڤاجیۆ لە دوای ئەوەی پاپا لێیخۆشبوو و گەڕایەوە رۆما، لە تەمموزی 1610 لە تەمەنی 38 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.