نێتفلێکس 18 ملیار دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی ناوەڕۆک لە 2025 تەرخان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی نێتفلێکس رایگەیاند، لە 2025 بڕی 18 ملیار دۆلار لە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆک خەرج دەکات، بودجەکەش 11٪ لە بودجەی تەرخانکراوی 2024 زیاترە.
سپێنسەر نیومان، بەرپرسی دارایی تۆڕەکە، ئەم زانیارییەی لە کۆنگرەی مۆرگان ستانلی بۆ تەکنەلۆژیا، زانست و پەیوەندی 2025 ئاشکرا کرد و رایگەیاند، نێتفلێکس کار بۆ ئەوە دەکات بە جیهانی بێت و هێشتا لە سەرەتایەتی.
ژمارەی بەکارهێنەرانی تۆڕەکە لە 2024 گەیشتە 301.6 بەکارهێنەر، ئەمەش بە واتای 700 ملیۆن بینەر دەگەیێنێت، چونکە بەشێک لەو کەسانەی بەشداری مانگانەیان لەگەڵ ئەو تۆڕە هەیە، خێزانن و زیاتر لە یەک کەس لە رێگەی یەک بەشدارییەوە سەیری فیلم، زنجیرە و بەرهەمەکانی دیکە دەکەن.
لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرە، بەڵام تاوەکو ئێستا نێتفلێکس تەنیا لە 6٪ـی بازاڕی جیهان و 10٪ـی بازاڕی ئەمریکای کۆنترۆڵکردووە.
نیومان، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، نێتفلێکس وەبەرهێنان لە بەرهەمە لۆکاڵییەکاندا دەکات، چونکە ناوەڕۆکی سەرکەوتوو بە بەرهەمی لۆکاڵی بەهێز دەستپێدەکات، وەک زنجیرەی " Squid Game"ـی کۆری.
لە 2025 ئەو تۆڕە ئەمریکییە درێژەی بە بەرهەمهێنانی سێ گرنگترین زنجیرە داوە کە بە زمانی ئینگلیزین، ئەویش "Squid Game 2"، "Wednesday" و "Stranger Things" بوون.
بەشێکی دیکەی بەرهەمهێنانی لە رێگەی پەخشكردنی رێگەپێدراوەی زۆرانبازی ئازادی ئەمریکی (WWE) دەبێت.
هەرچەند یوتیوب بەکارهێنەری زیاتر لە نێتفلێکس لە رێگەی شاشەی تەلەڤزیۆنەوە هەیە، بەڵام نیومان دەڵێت، ئاڵنگاریی سەرەکییان بۆ بەدەستهێنانی بینەرانی تەلەڤزیۆنی باوە.
لە چارێگی چوارەمی 2024، نێتفلێکس 18.9 ملیۆن بەرکارهێنەری نوێی نوێی هەبوو، ئەم ژمارەیەش دوو هێندەی پێشبینیی شرۆڤەکاران بوو، لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە 41 ملیۆن بەکارهێنەری زیادی کرد، لە 2023 ئەو ژمارەیە 29.5 ملیۆن بوو.
کۆمپانیای نێتفلێکس پێشبینییەکانی بۆ 2025 بەرزکردووەتەوە و پێشبینی دەکات داهاتی 43.5 بۆ 44.5 ملیار دۆلار بێت.
لە 2025 بەشداریی مانگەی بێ ریکلامی ئەو پلاتفۆڕمە لە ئەمریکا و بەشێک لە بازاڕەکانی دیکە جیهاندا، لە 15.49 بۆ 17.99 دۆلار بەرزکرایەوە. بەشداریی مانگانەی بە ریکلامەوە بۆ 7.99 دۆلار بەرزکرایەوە.
لە نیوەی دووەمی 2024، بەکارهێنەرانی نێتفلێکس 94 ملیار کاژێر بینەری بەرهەمەکانی ئەو تۆڕە بوونە، بە رێژەی 5٪ زیاتر بە بەراورد لەگەڵ 2023.
زنجیرەی "Squid Game 2" زۆاترین بینەری لەو ماوەیەدا هەبووە، بەڵام تەنیا 0.7٪ـی کۆی ژمارەی بینین بووە لەو تۆڕە.
نێتفلێکس رایگەیاندووە، هەوڵ بۆ ئەوەی بۆ درێژترین ماوە لە "دۆخی گەشەکردن" بەردەوام بێت، لە بری ئەوەی بیەوێت پارێزگاری لە پشکی لە بازاڕدا بکات. لە هەمانکاتتدا هەوڵدەدات زۆرترین بەرهەم پێشکێش بە بەکارهێنەرانی بکات، لە کاتێکدا راکبەرییەکی بەهێز لە بازاڕی دیجیتاڵیدا هەیە.