جاکی چان دەبێتە 70 ساڵ و وەک جاران ناتوانێت رۆڵ لە فیلمە ئاکشنەکاندا بگێڕێت
رووداو دیجیتاڵ
جاکی چان، ئەکتەری فیلمە کۆمێدی و ئاکشنەکان کە ئەستێرەیەکی هۆنگ کۆنگە و لە هۆلیوود ئەستێرەبوونی زیاتر درەوشایەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، تەمەنی دەبێتە 70 ساڵ.
جاکی چان لە 7ـی نیسانی 1954 لە هۆنگ کۆنگ لەدایکبووە، لە ئەکادیمیای ئۆپێرای کلاسیکی پکین خوێندوویەتی، دواتر راهێنانی لەبارەی هونەری بەرگری وەرگرتووە، هەروەها راهێنانی لە بواری سەرکێشی، گۆرانیگوتن و نواندندا کردووە.
لە شەستەکانی سەدەی رابردوو دەستی بە ناوندن کردووە، یەکێک لەو فیلمانەی لە دەستپێکی کاری هونەرییدا رۆڵی تێیدا گێڕاەوە و ناوبانگی هەبووە، فیلمی "Enter the Dragon" بوو لە 1973.
چان، بەهۆی ئاوێتەکردنی کۆمێدیا و کۆنگ فۆ لە فیلمەکانیدا، ناوبانگی پەیداکرد، بەتایبەتیش لە هەردوو فیلمی "Snake in the Eagle's Shadow" و"Drunken Master".
لە سەرەتای هەشتەکانی سەدەی رابردوودا، لە فیلمە ئەمریکییەکاندا بەشداربوو، لەوانەش فیلمی "The Big Brawl" و "Cannonball Run"، لە هەمانکاتتدا لە بەشداربوون لە فیلم لە هۆنگ کۆنگ، بەردەوام بوو.
سەرکەوتنی گەورەی ئەو ئەکتەرە لە هۆلیوود، لە رێگەی فیلمی "Rumble in the Bronx" بوو لە 1996 و توانی زیاتر لە 32 ملیۆن دۆلار لە سینەماکانی جیهاندا بەدەستبێنێت، بودجەی بەرهەمهێنانی حەوت ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بوو.
ئەو ئەکتەرە لەگەڵ بە تەمەندا چوونی و درزبردنی کەللـەسەری کە بەهۆیەوە ئازاری لە کەمەر، ئەژنۆ و شانەکانی بۆ دروستکرد، کەمتر رۆڵە ئاکشنەکانی گێڕاوە، بەهۆیەوە رووی لە چەند ئەنیمەیشنێک بە دەنگ رۆڵی گێڕاوە، لەوانە زنجیرە ئەنیمەیشنی "Kung Fu Panda".
چان، بەهۆی فیلمەکانییەوە کە ژمارەیان زیاتر لە 150 فیلمە، خەڵاتی زۆری وەرگرتووە، بەڵام نەیتوانی خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین ئەکتەر بەدەستبێنێت، لە کاتێکدا زۆربەی فیلمەکانی لە هۆلیوود و بەرهەمهاتوون و لە سینەماکانی ئەمریکا پێشاندراون، بەڵام لە 2016 ئەکادیمیای زانست و هونەری وێنەی جوڵاو، خەڵاتی ئۆسکاری شانازیی پێبەخشی، وەک رێزێک لە تەمەنێک چالاکی سینەمایی.
ئەو ئەستێرە سینەماییە خاوەنی ئەستێرەی نێودارانە لە رێڕەوی نێوداران لە هۆلیوود، بە کارە خێرخوازییەکانی ناسراوە و لە لیستی فۆربێس وەک یەکێک لە 10 دیارترین کەسە خێرخوازەکان ناسێندراوە.
بەپێی لیستی فۆربێس بۆ هونەرمەندە دەوڵەمەندەکانی جیهان لە 2015، سامانی بە 350 ملیۆن دۆلار خەملێندرا و تاوەکو 2016 وەک دووەم پڕداهاتترین ئەستێرە ناسێندرا.