لوقمان سەلیم زەرەر دەكات

رووداو- سلێمانی

هونەرمەند لوقمان سەلیم گوتی كە ترسی لە بڵاوكردنەوەی ئەلبوومەكەی هەیە و دڵنیایە ئەگەر بڵاویشی بكاتەوە، خەرجییەكانی ئەلبوومەكەی دەستناكەوێتەوە.

لوقمان سەلیم بە (رووداو)ی راگەیاند، ئەلبوومێكی گۆرانی ئامادەیە بەناوی "بێ‌ تۆیی" كە لە 9 تراك پێكهاتووە، بەڵام ترسی هەیە لەم كاتەدا بڵاوی بكاتەوە. ئەو گوتی "نەك من، هەموو ئەو هونەرمەندانەی ئەلبوومی گۆرانییان هەیە، ترسیان لە بڵاوكردنەوەی هەیە و دەترسێن بەهۆی ئەو شەڕەوە بەرهەمەكەیان نەفرۆشرێت و زەرەرێكی زۆر بكەن".

لوقمان سەلیم ئاشكرای كرد كە ئەلبوومەكەی 15 هەزار دۆلاری تێچووە، بەڵام رەنگە بەهۆی ئەم رەوشەوە ئەوەندە نەفرۆشرێت و خەرجییەكانی پڕنەكاتەوە. لەگەڵ ئەوەش دەڵێت "بۆ رازیكردنی دڵی هەوادارانم ئامادەم ئەو قوربانییە بدەم و تەحەمولی ئەو زەرەرە بكەم".