چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ئەمستەردام بەڕێوەدەچێت


رووداو دیجیتاڵ

بە بەشداری 32 فیلمی کوردی لە چوار پارچەی کوردستان، چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ئەمستەردام، لە 9-11ـی ئەم مانگە، لە ئەمستردامی هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت.
 
رێبەر دۆسکی، سەرۆکی فێستیڤاڵەکە بە رووداوی راگەیاند، لە هەر خولێکی فێستیڤاڵدا کار لەسەر سینەمای بەشێکی دیاریکراوی کوردستان دەکەن، ئەمساڵ سەرنجیان لەسەر سینەمای باشووری کوردستان دەبێت و مژاری سەرەکیی فێستیڤاڵ ئازادییە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دەیانەوێت تیشک بخەنە سەر ئەو پێشکەوتنەی لە باشووری کوردستان هەیە، بەهۆی ئەو سەربەخۆیی و ئازادیەی هەیەتی و چ کاریگەرییەکەی لەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستان هەبووە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، جگە لە پێشاندانی فیلم لە فێستیڤاڵەکەدا، لە چەند پانێڵێکدا تیشک دەخرێتە سەر دۆخی کوردستان و پێشکەوتنەکانی و پەیوەندی و مامەڵەی وڵاتانی دەورووبەر لەگەڵ کوردستان.
 
فێستیڤاڵەکە رۆژی هەینی 9ـی ئایاری 2025 بە فیلمی سینەمایی "1988" لەبارەی هەڵەبجە دەستپێدەکات، سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و "لامیدیا" هاوبەشی سەرەکیی فێستیڤاڵەکەیە.
 
جگە لە پێشاندانی فیلم و ئامادەبوونی فیلمسازانی کورد، چالاکی میوزیکی و هونەریی دیکە لە فێستیڤاڵەکەدا پێشکێش دەکرێن.
 
لە فێستیڤاڵەکەدا دوایین فیلمی هیشام زەمان، فیلمسازی کورد، بەناوی "A Happy Day" واتە "رۆژێكى خۆش" بەشدارە. 
 
فیلمەکە لە ناوچە بەفرینەكانى باكوورى نەرویژ وێنەگیراوە، باس لە سێ نەوجوان دەكات كە بڕیارى دیپۆرتكردنیان دەرچووە، بەڵام بەهۆى ئەوەى تەمەنیان لە خوار 18 ساڵیدایە، لە كەمپێكى دوورە دەستى ئەو وڵاتە نیشتەجێ دەكرێن، تاوەکو تەمەنیان دەبێتە 18 ساڵ، دواتر بنێردرێنەوە وڵاتەکەیان، ئەو سێ نەوجوانە بڕیار دەدەن پێكەوە كاربكەن بۆ ئەوەى لەو كەمپە هەڵبێن، بەڵام پاش ئەوەى هەرسێكیان دەكەونە داوى عەشقى كچێكى قژكاڵ؛ هەموو پلانەكانیان شكست دەهێنێت.
 
هەر لە فێستیڤاڵەکەدا، یەکەم فیلمی ترسناک کوردی بەشدارە کە بەناوی "شەوە"یە و لە دەرهێنانی دلۆڤان زەندی، دەرهێنەری کوردی دانیشتووی ئوسترالیایە.