ئاشنا رەئووف: کێشەکانی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی لە رووی یاساییەوە چارەسەرکراون
رووداو دیجیتاڵ
پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی، دوای ماوەیەک لە وەستان، لە رۆژانی 9 تا 16ی تشرینی یەکەمی 2025 بە دروشمی (کولتووری کوردی و زمانی دایک) بەڕێوەبچێت. ئاشنا رەئووف، گوتەبێژی فێستیڤاڵەکە، وردەکارییەکانی خولی ئەمساڵی خستەڕوو و رایگەیاند، بە هەوڵی دڵسۆزان و هاوبەشە سەرەکییەکانیان وەک زانکۆی سلێمانی، بەسەر کێشە دارایی و یاساییەکاندا زاڵبوون.
ئاشنا رەئووف سەبارەت بە دروشمی فێستیڤاڵەکە ئەمڕۆ سێشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، گوتی: "ئەم دروشمە کە ئەمساڵ هەیە، بە کۆدەنگی بڕیاری لەسەر دراوە، چونکە پێمانوایە کولتووری کوردی دەبێت بە زیندوویی بمێنێتەوە. ئەم کولتوورە لە رێگەی هونەر و ئەدەبەوە نەوە بۆ نەوە دەگوازرێتەوە و فیلمەکانیش لەسەر بنەمای ئەم دروشمە هەڵبژێردراون".
لەبارەی کێشە لەسەر خاوندارییەتی فێستیڤاڵەکە گوتی: "هەموو کێشەکان لە رووی یاساییەوە چارەسەر کراون و بە بڕیاری دادگە، هەموو ئەو کێشانەی لە رابردوودا هەبوو، یەکلایی کراوەنەتەوە".
گوتەبێژی فێستیڤاڵ سوپاسی رووداوی کرد بۆ گرنگیدان بە فێستیڤاڵەکە و سپۆنسەریکردنی و ئاشکرای کرد، بۆ ئەم خولە زیاتر لە 1500 فیلم لە 30 وڵاتی جیاوازەوە پێشکێشکراون و لەلایەن لیژنەکانەوە 150 فیلم بۆ نمایشکردن هەڵبژێردراون. چالاکییەکانیش لە هۆڵەکانی زانکۆی سلێمانی و ستی سینەما بەڕێوەدەچن.
فێستیڤاڵەکە لە حەوت بەشی سەرەکیی کێبڕکێ پێکدێت، کە بریتین لە: فیلمی درێژی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی، کورتەفیلمی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی، بەڵگەفیلمی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی، لەگەڵ بەشێکی تایبەت بە گەنجان کە ئەزموونی خوێندکارانی بەشی فیلمسازی لەخۆدەگرێت. بە گوتەی ئاشنا رەئووف، لەم بەشانەدا 19 خەڵات دابەش دەکرێن، جگە لە خەڵاتێکی تایبەت بۆ باشترین سیناریۆی کوردی.
ئاشنا رەئووف، لەبارەی پێشاندانی بەڵگەفیلمەکانی رووداو گوتی: "لە یەکێک لە هۆڵەکانی ستی سینەما، هاوشانی فێستیڤاڵ، ئێمە خۆمان لە رووداو جیا ناکەینەوە. رووداو بەشێکە لە فێستیڤاڵی ئێمە. ئەو بەڵگەفیلمانەی ئامادەیە لە رۆژانی فێستیڤاڵدا، هاوشانی فیلمەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سلێمانی، بەشی بەڵگەفیلمی رووداو فیلمەکانی خۆی نمایش دەکات، لێرەش دەتوانم بڵێم کاری زۆر جوانی تێدایە".
نمایشی فیلمەکان بۆ ماوەی پێنج رۆژ لە چوار هۆڵی جیاواز لە ستی سینەما لە کاژێر 3:00ی پاشنیوەڕۆوە تا درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت.