سۆنیا بێتوشى: كۆمپانیا جیهانییەكان كێبڕكێیانە لەسەر كۆلێكشنە نوێیەكەم

رووداو- هەولێر

كچێكی كورد لە رێگای جلوبەرگەكانی توانیویەتی خۆی بخزێنێتە نێو بازاڕەكانی فاشیۆن لە ئەوروپا، سۆنیا بێتوشی دیزاینەری جلوبەرگ ناوی چووەتە نێو براندە جیهانییەكان.

سۆنیا بێتوشی، پێشكەشكار و ئەكتەریشە، وەك خۆی دەڵێت لە تەمەنی 11 ساڵییەوە خولیای دیزاینی جلوبەرگ بووە، دواتر لە زانكۆی لەندەن لە بەشی دیزاین خوێندوویەتی. بێتوشی جارجار شیعریش دەنووسێت و بەشداری فیلمیش دەكات.

سۆنیا لە چەند رۆژی رابردوودا نوێترین كتێبی شیعری خۆی بە زمانی فارسی بەناوی "كچێك لە شاری ئاسمان" بڵاوكردەوە كە پێشكەشی منداڵانی بێ‌ دایكوباوكی كردووە. هەروەها كتێبێكی فێركاری لەبواری فاشیۆندا نووسیوەو  لەو ماوەیەدا بڵاوی دەكاتەوە، ئێستا سۆنیا لە تارانی پایتەختی ئێران دەژیت.

كۆمپانیاكان كێبڕكێیانە لەسەر بەرهەمەكانی

سۆنیا باس لە نوێترین كاری خۆی لە بواری دیزاینی جلوبەرگ بۆ (رووداو) كرد گوتی "نوێترین كاری من ئێستا كۆلێكشنێكی تازەیە كە ناوم ناوە بەهار و هاوین. ساڵی داهاتوو بڵاویان دەكەمەوە.

پێموایە ئەم پڕۆژەیەم باشترین كۆلێكشنی من دەبێت، كە هیچكات هێندە بە زانستی و مۆدێرنی دیزاینی جلوبەرگم نەكردووە، چونكە ماندووبونێكی زۆرم پێوە چەشتووە". گوتیشی "هەر لە ئێستاوە چەندین كۆمپانیا و دەزگای جیهانی پێشبڕكێیانە لەسەر كڕینی بەرهەمەكەم".

سۆنیا بەنیازبوو بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی لە یەكێك لە كەناڵەكانی باشووری كوردستان پێشكەش بكات، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێك دوایخستووە، سۆنیا هۆكاری دواخستنەكەی ئاشكرا كرد و گوتی "ماوەیەكی زۆر خەریكی رێكخستنی ئەم بەرنامەیە بووین، دەمانویست لە كوردستان فاشیۆن بگۆڕین بۆ باشتر، بەڵام بەداخەوە لەبەر ئەم بارودۆخەی ئێستا لە كوردستانی باشوور هەیە، بەرنامەكەمان دواخستووە بۆ كاتێكی نادیار".

دەیەوێ‌ گۆرانی بڵێت

سۆنیا هەر بەتەنیا لە بواری دیزاین ناوەستێ، دەیەوێت لەبوارەكانی دیكەش جێ پەنجەی دیار بێت، بۆیە دەمێكە كار دەكات تاوەكو گۆرانی بڵێت، سۆنیا لەوباریەوە گوتی "هەموو كەس دەتوانێ بە یەك رۆژ ببێتە گۆرانیبێژ، بەڵام من هێشتا كار لەسەر دەنگی خۆم دەكەم بۆ ئەوەی بەشێوازێكی ئەكادیمی و هونەری دەركەوم، نەك وەكو هەندێك كەس زۆر بەسادەیی دەستپێدەكەن و ناتوانن ببنە گۆرانیبێژێكی جیهانی، بەڵام دڵنیا بن بە سوپرایزێك لە كاتی خۆی گوێتان لە دەنگی من دەبێت".

نەیانهێشت فۆڕمی شاجوان پڕ بكاتەوە

دوای ئەوەی بانگەوازی پڕكردنەوەی فۆرمی شاجوانی باشووری كوردستان كرا. ئەو بەخێرایی دێتە كوردستان بۆ ئەوەی خۆی بۆ بردنەوەی نازناوی شاجوانی كوردستان كاندیدا بكات، بەڵام كە دەچێتە ئەوێ فۆرمەكەی نادرێتێ، سۆنیا گوتی "من فۆڕمی شاجوانی كوردستانم پڕكردەوە، بەڵام پێیانگوتم كە ناتوانی بەشداری بكەی، چونكە ئەم پێشبڕكێیە تەنیا بۆ كچانی باشووری كوردستانە، بۆیە هیوایەكانی منیان لەگۆڕ نا".

لە چەند ڤیدیۆ كلیپێكدا سۆنیا رۆڵی بینیوەو دەیەوێت لە بواری فیلمسازیش كار بكات، دەربارەی ئەوەی ئایا دەیەوێت لە فیلمێكی كوردی وەك ئەكتەر بەشدار بێت، سۆنیا گوتی "مایەی شانازییە و خۆشحاڵم كە من بتوانم لە فیلمێكی كوردی بەشداری بكەم، هەڵبەتە لە ئێران زۆر داوام لێكراوە وەك ئەكتەر رۆڵ ببینم، بەڵام هەموویانم رەتكردووەتەوە، چونكە یەكەمین داوكاری من ئەوەیە ستافێكی پرۆفیشناڵ بێت".

ماچەكەی بۆ هاوسەرەكەی هەڵگرتووە

ئایا سۆنیا ئامادەیە لە فیلمێكی كوردیدا رۆڵی كچێكی رۆمانسی ببینێ كە ماچ و باوەشی تێدا بێت؟ ئەو دەڵێت "سەرەتا من كەسێكی رۆمانسی نیم، رەنگە نزیكبوونەوە لەم رۆڵە دووچاری كەمێك كێشەم بكات، بەڵام سیناریۆ دەزانێت، ئەگەر  سیناریۆكانی ژیانم تێنەپەڕێنێت و لە كەسایەتی من نزیك بێت و كەسایەتی من بپارێزێت رۆڵی رۆمانسی دەبینم، بەڵام بۆ ماچ نەخێر، چونكە من تا ئێستا كوڕێكم بە راستی لە ژیانی خۆم ماچ نەكردووە، چۆن لە ناو فیلم ئەم كارە دەكەم.  ئەو ماچەم بۆ هاوسەری داهاتووی ژیانم داناوە".

ئەو جلانەی سۆنیا دیزاینیان دەكات، دیزاینەكانیان نیمچە رووتە، یان جلەكان تەنكن و جلی ژێرەوەیان تێدا دیارە، ئایا لە تاران كێشەی بۆ دروست نەبووە؟ سۆنیا دەڵێت "لە ئێران رێگری لە كاری هونەری ناكرێت ئەگەر تۆ سیاسەت نەهێنیتە نێو كارەكانتەوە، ئێران كاری بەهونەرمەند نییە تاوەكو هونەرمەندەكە لە سیاسەت تێوەنەگلێت، بۆیە تاوەكو ئێستا كاریان بە من نەبووە".

دیزاینەرە جیهانییەكان سەرسامن بە جلی كوردی

سۆنیا بێتووشی پێیوایە هێشتا فاشیۆن نەبووەتە جێی بایەخ لە نێو خەڵكی كوردستان. سۆنیا دەڵێت "بەراستی فاشیۆن دونیایەكی زۆر فراوانە، بەڵام بەداخەوە خەڵكی ئێمە نایەن بەدەمییەوە، تا زووتر بێن هێشتا درەنگە چونكە ئێمە زۆر لە دواوەین، لە ئەوروپا 30%ی پارەی بانكە گەورەكان بۆ فاشیۆن تەرخانكراوە، بەڵام ئێمە ناچارین هەر بچین لە ئەوروپا و شوێنەكانی دیكە جلوبەرگ بۆ كوردستان بكڕین وپارەی خۆمان ببینە دەرەوە، ئەمەش هەڵەیە".

سۆنیا هەروەها دەڵێت "كاتێك دیزاینەرە جیهانییەكان جلوبەرگی كۆنی كوردی دەبینن پێی سەرسام دەبن و لەلایان زۆر جوانە، لەبەر ئەوە دەبێت وەكو وڵاتانی دیكە حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی بۆ دابنێت، ئێران كە وڵاتێكی ئیسلامیشە هەموو ساڵێك فیستیڤاڵی فاشیۆنی هەیە و باشترین دایزینەرەكان هەڵدەبژێرێت، وەك براند جلوبەرگەكانیان دەستنیشان دەكرێ".

سۆنیا وەك دیزانیەرێك توانیویتی براندێك بۆ خۆی دروست بكات ولە جیهانی فاشیۆندا جێ پەنجەی دیار بێت، ئەو باس لەو سوودانەی دەكات كە لە پای دروستكردن و فرۆشتنی جلوبەرگەكانی دەبینێت "لەگەڵ چەند كۆمپانیای ئەوروپی كۆنتاكم بەستووە و جلوبەرگەكانم لەو رێگایەوە نمایش دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر ماڵپەڕی ئێنتەرنێت پەیجی خۆم هەیە، لەو رێگایەشەوە زۆر كارم دەفرۆشم، بەڵام بەداخەوە لە كوردستان وەك پێویست نییە، من جلوبەرگم بە 700 دۆلارە فرۆشتووە تاوەكو ئێستا بایی نزیكەی 100 هەزار دۆلار جلوبەرك و براندی خۆم فرۆشتووە، هونەرمەندە ئێرانییەكان زۆر جلوبەرگی من لەبەر دەكەن بۆ فێستیڤاڵ و كارە هونەرییەكان، لە هونەرمەندانی كوردیش دەشنێ موراد جلوبەرگی منی پۆشیوە".