هێلی لەڤ وەک ئەکتەر و دەرهێنەر لە فیلمێکدا بەشدار دەبێت و لە سینەما پێشاندەدرێت


رووداو دیجیتاڵ

هێلی لەڤ، هونەرمەندی کورد، یەکەمین ئەزموونی خۆی وەک دەرهێنەر و نووسەر لە رێگەی فیلمی سینەمایی (لەبیرم مەکە - Don't Forget Me) رادەگەیێنێت و یەکەمین ترەیلەری فیلمەکەش بڵاوکرایەوە.
 
لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ترەیلەری فیلمەکە؛ ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، چیرۆکەکەی لە رووداوی راستەقینەوە وەرگیراوە، باس لە چیرۆکی کارەکتەری باران دەکات کە رۆژنامەڤانێکی کورد - ئەمریکییە، لە کاتی شەڕی داعشدا دەکەوێتە دەست ئەو گرووپە، بەڵام دواتر لەگەڵ کۆمەڵێک ژنی دیکەی دیلدا؛ هەوڵی رزگاربوون و گەیشتن بە ئازادی دەدات.
 
هێلی لەڤ لەم فیلمەدا جگە لەوەی نووسەر و دەرهێنەرە، وەک ئەکتەری سەرەکیش رۆڵی باران دەگێڕێت و بڕیارە لە 29ـی ئەم مانگە لە سینەماکان پێشانبدرێت.
 
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە: "بەرهەمەکە بۆ رێزگرتن لە قارەمانییەتی هێزەکانی پێشمەرگە و قوربانیدانی ئەو کچ و ژنە کوردانە ئامادەکراوە کە بوونە قوربانی دەستی داعش و تاوەکو ئێستاش چارەنووسی هەزارانیان نادیارە".
 

فیلمەکە لە جۆری بەرهەمە ئەکشنەکانە، ماوەکەی کاژێرێک و 10 خولەکە و بودجەی خەمڵێنراوی فیلمەکە 140 هەزار دۆلارە. 
 
جگە لە هێلی لەڤ، هەریەک لە ئاری حەمە سەعید، عادل کوردۆ، دلنیا محەممەدی و هەردی سەلامی؛ رۆڵی تێیدا دەگێڕن.
 

ئەمە یەکەمین دەرکەوتنی هێلی لەڤ نییە لە نێو جیهانی سینەمادا؛ لە 2014 لە فیلمی (مەردان) لە دەرهێنانی بەتین قوبادی و لە 2015 لە فیلمی (ئاڵای بێ وڵات) لە دەرهێنانی بەهمەن قوبادی رۆڵی گێڕاوە.