بەڤیدیۆ.. فەزڵ شاکر ریشی دەتاشێ و پەشیماندەبێتەوە

رووداو - ئاژانسەکان

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، هونەرمەندی ناسراوی عەرەبی فەزڵ شاکر، دوای دەرچوونی سزای لە سێدارەدانی بەبێ ئامادەبوونی خۆی لە دادگا، بەتۆمەتی دروستکردنی گروپی چەکداری و شەڕکردن لەگەڵ حکومەتی لوبنان، ناوبراو پەشیمانبوونەوەی خۆی رادەگەیەنێت و هیواش دەخوازێت، بگەڕێتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی.

فەزڵ شاکر، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی LBC، کە لە چەند رۆژی رابردوو بڵاوکراوەتەوە، ریشی خۆی تاشیوەو دەڵێت، "من بەشداری هیچ شەڕێکم دژی سوپای لوبنان نەکردووە، پێشتریش چەندین جار هاوکاریی هێزە ئەمنییەکانی لوبنانم کردووەو بەهیچ شێوەیەک داوام لە هەوادارانم نەکردووە کە دژی سوپا شەڕ بکەن".

هەر لە درێژەی قسەکانیدا، دەڵێت "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی منەوە چەندین ئەکاونت دروستکراوەو هانی خەڵکی دەدرێت بۆ ئەوەی شەر دژی سوپا بکەن، من هیچ بەرپرسیار نیم لەو ئەکاونتانەو داواش دەکەم حکومەت سزایان بدات".

هەر لەو چاوپێکەوتنەیدا، فەزڵ شاکر وەک پێشاندانی پەشیمانی هیوای خواست سەرجەم بەندکراوەکانی لوبنان لە دەستی رێکخراوە چەکدارییە "توندڕەوەکان"ی وەک داعش و بەرەی نوسڕە ئازاد بکرێن.