ئاراس فاتیح ڤیدیۆکلیپی 'ساوار' بڵاودەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند ئاراس فاتیح، کە بەرهەمەکانی بەناوی ئێرۆس کوردی بڵاودەکاتەوە، نوێترین بەرهەمی بەناوی 'ساوار' لە کەناڵی تایبەتی خۆی لە یوتیوب بڵاوکردەوە.
 
ئەم بەرهەمە لە کوردستان وێنەگیراوە و دیمەنەکان ئەوە پیشان دەدەن کە رووداوەکانی نێو ئەم بەرهەمە لە 1948 روودەدەن و تیشک دەخاتە سەر ژمارەیەک کەس کە پیشەیان ساوار هاڕینە لە گوندەکانی کوردستان.
 
ئاراس فاتیح، لەبارەی ئەم بەرهەمەوە دەڵێت: "نزیکەی ساڵێکە ئەم پڕۆژەیە بێدەنگی کردووین، بەڵام بێدەنگیمان ئەم بەرهەمەی دروستکردووە تاکوو خزمەت بە کولتووری نیشتمانمان بکەین". 

 

ئاراس فاتیح سیناریۆی بۆ ڤیدیۆکلیپەە نووسیووە و پرۆدیۆسەری جێبەجێکاریەتی.

هەروەها دەڵێت "ڤیدیۆكلیپەکە، پەیامی زۆر گرنگ و پڕ بایەخی تێدایە، هیچ گرتەیەكی بێ ئامانج لەخۆناگرێت، لە سەرەتاوە تا كۆتایی، هەموو دیمەنەکان مەبەستدارن، تكایە ورد سەرنجی بدەن و سەرپێیی لێی مەڕوانن".
 
هەر لەبارەی ئەم بەرهەمە لە حوزەیرانی 2021، ئەو هونەرمەندە پۆستێکی لە هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کردبوو و ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو، ئەو خەریکی پڕۆژەیەکی گەورەیە. 
 
لەگەڵ راگەیاندنی پڕۆژە نوێیەکەی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردبووەوە کە ژمارەیەک قەل و مانگا دەردەکەوتن و ئاماژەی بۆ ئەوەشکردبوو "نەچووم جەماعەتێک مۆدێل و ئەهلی فیلەر و بۆتۆکستان بۆ کۆبکەمەوە، دواتر بیکەم بە کلیپ و پێشکێشتان بکەم، ئەم قەل و مانگا خۆشەویستانەش رۆڵێکی سەرەکیان لە کلیپە نوێیەکەمدا دەبێ، ئیتر خۆتان چاوەڕێ بکەن و ببین ئیشێکی چۆن دەکەین کە هەرگیز نەکرابێت با مێژوو چاوەڕێ بکات و ئەو ئیشەی ئێمە بنووسێتەوە. خۆشیشە ئاوا سیقەت بە خۆت بێت".
 
دوایین بەرهەمی ئەو گۆرانیبێژە وەک گۆرانی بەناوی 'لۆت دەمرم' بوو کە لە 23 حوزەیرانی 2021 بڵاویکردەوە.
 
ئەو هونەرمەندە ئەم بەرهەمی بەشێوەی دەنگ بۆ هۆگرانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردووەتەوە و لە پۆستێکدا لە فەیسبووک نووسیبووی "لۆت دەمرم هات، لۆ هەر هەمووتان دەمرم، ئێستا کاتی ئەوەیە گوێتان لە گۆرانییەکی شاد ئامێز بێت و ناخۆشییەکان لەبیر بکەن، با پێکەوە سەما بکەین دژی ئەو هەموو کێشە و ناشرینییەی ژیانمان".
 
ئاراس فاتیح، لە 27-10-2020 بەرهەمێکی نوێی بەناوی 'دەڕژێ' بڵاوکردەوە کە بەرهەمێک بوو لە سەردەمی کۆرۆنا و مژاری ئەو ڤایرۆسە رەنگدانەوەی لەسەر ئەم بەرهەمە هەبوو و یەکەم بەرهەمی بوو دوای دابڕانێکی زۆر.
 
ئاراس فاتیح رەسووڵ ناسراو بە ئاراس کۆیی و ئیرۆس کوردی، لە 26-9-1972 لە کەرکووک لە دایکبووە، گۆرانیبێژ و دەرھێنەرە لە 1997 ماستەری لە ھونەر لە زانکۆی مۆسکۆ ستەیتی کەلتوور بەدەستهێناوە، ئاراس بە گۆرانی 'خەپە گیان' ناوبانگی دەرکردووە.
 
خاوەنی چوار ئەلبوومی گۆرانییە، یەکەمیان بەناوی 'تەپ-تەپ'ـە کە لە 1999 بڵاوکرایەوە، دووەم ئەلبوومی بەناوی 'دڵدار'ـە و لە هەمان ساڵدا بڵاویکردووە، سێیەم ئەلبوومی لە 2000 بەناوی 'تەماتە' بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زرۆی هەبوو، دوایین ئەلبوومیشی لە 2003 بەناوی 'لە ئاراسەوە بۆ ....' بڵاوکردەوە.
 
تاوەکو ئێستا 10 ڤیدیۆکلیپی بەرهەمهێناوە، بەناوەکانی(تەماتە، باسی تۆ، هەنگاو مەنێ، نەگەزی -کورتەفیلم-، بەتاک و بە کۆ، رێمدە رێمدە، یادی جاران، کوردستانی من، دەڕژێ و ساوار).