سارینا پەناهیدە کارێکی هونەری لەبارەی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سارینا پەناهیدە، ئەکتەری کورد، نوێترین بەرهەمی هونەریی لە رۆژی جیهانی ژناندا و لەبارەی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاودەکاتەوە.
 
ئەم بەرهەمە بەناوی 'Solidarity'یە و سارینا پەناهیدە جگە لەوەی وەک سەماکار تێیدا بەشدارە، تێیدا بە سەماکردن و بە بەشداری ژمارەیەک ژن، گوزارشت لە پرس و رەوشی ژن لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات.
 
'Solidarity' پڕۆژەیەکە سارینا پەناهیەدە خاوەنیەتی و بڵاویکردووەتەوە و دەیەوێت لەرێگەیەوە پەیامێک بە ژنان بگەیێنێت کە بە یەگرتوویان دەتوانن هەموو شتێک بکات. 
 
‎سارینا پەناهیدە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 'Solidarity' پڕۆژەی نوێەتی کە "سیمبولی توانا و هێزی ئێمەیە دژی رژێمی ئیسلامی ئێران"، سوپاسی هەموو ئەو کەسانەشی کرد کە بەشدارییان لەم پڕۆژەیەدا کردووە، بە تایبەتی ئەو کچە چاونەترسانەی کە لەناو ‎ڤیدیۆکەدان.
 
‎لەبارەی پەیامی لەم بەرهەمەدا گوتی: "ئێمە هەموومان پێکەوەین و هیچ شتێک ناتوانێت جیامانبکاتەوە، هەموومان یەک دەنگ و یەک داوامان هەیە، ئەویش مافی ژیان و ئازادییە، بەڵام ئێوە هەرگیز ئەو داوایەی ئێمەتان ناوێت".
 
سارینا پێشتر کارێکی دیکەی هونەریی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، کارەکەش بریتیبوو لە سەماکردن لە نێو بازاڕ و خەڵکدا و کاردانەوەی خەڵک بەرامبەر سەماکە.