تۆم کروز بۆ پێشاندانی نوێترین فیلمی دەچێتە تۆکیۆ
رووداو دیجیتاڵ
"Mission: Impossible - The Final Reckoning" نوێترین فیلمی تۆم کروز، ئەکتەری ئەمریکییە، پێشاندانی تایبەتی لە تۆکیۆی ژاپۆن بەڕێوەچوو و کروز بۆ بە بازاڕکردنی فیلمەکە، لەو شارە بوو.
کروز بۆ ناساندنی بەرهەمەکەی کە دوایین بەشی زنجیرە فیلمی "Mission: Impossible"ـە، رۆژی چوارشەممە 7ـی ئایاری 2025 کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی سازکرد و بەشێک لە ستافی فیلمەکە ئامادەبوون.
کروز رایگەیاند، فیلمەکەی بە ئەزموونی چەند ساڵەی لە پیشەسازیی فیلمدا پەیوەستە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، حەزی بۆ سینەما؛ بۆ قۆناخی منداڵی دەگەڕێتەوە.
گوتیشی: "بیرمە کاتێک منداڵ بووم و لە تەمەنی چوار ساڵیدا بووم، پەرۆشیم بۆ پیشەسازیی فیلم هەبوو. دەمویست گەشت بە جیهاندا بکەم و خەڵک و کولتوورەکان بناسم، لێخوڕینی فرۆکە و پەڕەشوت. بەدیهێنانی ئەو خەونە و رەزامەندیی جەماوەر، بە شتێکی سادەی نابینم".
تۆم کروز بەوە ناسراوە سەرکێشی زۆر ترسناک لە فیلمەکانیدا ئەنجام دەدات، بەتایبەتیش لە فیلمی "Mission: Impossible - The Final Reckoning".
بڕیارە فیلمەکە لە 23ـی ئایاری 2025 لە سینەماکانی ژاپۆن پێشانبدرێت و پێشاندانی لە سەرتاسەری جیهاندا، لە چەند رێکەوتێکی دیکەی جیاواز پێشاندەدرێت.
بڕیارە تۆم کروز و ستافی فیلمەکەی، بۆ ناساندنی فیلمە نوێیەکەیان گەشت بۆ چەندین وڵاتی جیهان بکەن.
تۆم کروز، بە بەشی هەشتەمی زنجیرە فیلمی "Mission Impossible"، لە 78ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان بەشدار دەبێت و لە 14ـی ئایاری 2025 لە دەرەوەی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی پێشان دەدرێت.
کروز لە 1992 بە فیلمی "Far and Away" و لە 2022 بە فیلمی "Top Gun: Maverick"، لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربووە، ئەمجارە دەبێتە سێیەم بەشداریی لەو رووداوە گرنگە سینەماییەدا. لە دووەم بەشدارییدا؛ خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینی وەک رێزێک لە تەواوی کار و بەرهەمەکانی پێبەخشرا.
"Mission Impossible" زنجیرە فیلمێکی سینەماییە و یەکەم بەشی لە 1996 بەرهەمهێنراوە، دووەم بەشی لە 2000 بەرهەمهاتووە، سێیەم بەشی لە 2006، چوارەم بەشی 2011، پێنجەم بەشی لە 2015، شەشەم بەشی لە 2018 بڵاوکرایەوە، چیرۆکی حەوتەم بەشی "Mission: Impossible - Dead Reckoning"، لە دوو بەش پێکدێت، یەکەمیان لە 2023 بڵاوکرایەوە و دووەمیشیان لە 2025 بڵاوکرایەوە و دەبێتە هەشتەمین بەشی.
"Mission Impossible" لە 1966 تاوەکو 1973 وەک زنجیرەی تەلەڤزیۆنی پێشکێشکراوە.
تۆم کروز، لە 3ـی تەممووزی 1962 لە دایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ئەمریکییە، بە یەکێک لە گرانترین ئەکتەرەکانی جیهان دەناسرێت لە رووی وەرگرتنی کرێی بەشداربوونی لە پڕۆژە سینەماییەکاندا.
کروز، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و بەربژێری چوار خەڵاتی بافتا و سێ خەڵاتی ئۆسکارە، فیلمەکانی زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و زیاتر لە 10 ملیار و 100 ملیۆن دۆلاری لە سینەماکانی جیهاندا بەدەستهێناوە.
ئەو ئەکتەرە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، رووی لە سینەما کردووە و رۆڵی پاڵەوانیەتی لە چەندین فیلمدا گێڕاوە، لەوانە فیلمی کۆمێدی "Business" لە 1986، فیلمی "The Color of Money" لە 1986 و فیلمی "Born on the 4th of July" لە 1988.