رابەر کوردستانی نوێترین بەرهەمی لەڕێگەی رووداو بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رابەر کوردستانی، هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەرهەمێکی نوێی بەناوی 'هەواران' بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاودەکاتەوە کە چوار گۆرانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان لەخۆدەگرێت و ئەم بەرهەمە بۆ یەکەمجار لەرێگەی رووداو بڵاودەکرێتەوە.
ئەم بەرهەمە لە بەهاری ئەمساڵ لە سنووری شاری بانە وێنەگیراوە و لە دەرهێنانی ناسر حەیدەرییە و ئەمڕۆ دووشەممە 8-8-2022 لە کەناڵی تایبەتی رابەر کوردستانی لە یوتیوب بڵاودەکرێتەوە.
بەرهەمەکە گۆرانی ناوچەی موکریان، ئەردەلان، بادینان و هەورامان بە هەڵپەڕکێ و جلوبەرگی ئەو ناوچانە لەخۆدەگرێت، سمکۆ فەیزی کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆ کردووە و میکس و ماسترینگی لەلایەن ئومێد رەرۆ کراوە.
لەم بەرهەمەدا دەستەی هەڵپەڕکێی نیشتمانی کوردستان بەشداربووە و چەند هەڵپەڕکێیەکی ناوچە جیا جیاکانی کوردستان بە جلوبەرگی ئەو ناوچانە پێشکێش دەکەن.
رابەر کوردستان، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و خاوەنی چەند بەرهەمێکە، بەم دواییە لەگەڵ دەستەی هەڵپەڕکێی چالاکی بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە نێوەڕاستی تەممووزی رابردوو، شەش خەڵاتی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فەرهەنگ و هونەر لە ئەرمینیا بەدەستهێنا.
ئەو هونەرمەندە لە 21-10-2021 لە 14یەمین فیستیڤاڵی میوزیکی هەرێمی ئیران لە شاری کرمانی ئێران بەشداربوو و گۆرانی و حەیرانی ناوچەی موکریانی پێشکێشکرد.
کوردستانی، لە 7-7-2022 بەرهەمێکی شادی بەناوی 'سەما' بەبۆنەی جەژنی قوربان بڵاوکردەوە، بە هەمان شێوە دەستەی هەڵپەڕکێی نیشتمانی کوردستان تێیدا بەشداربوون و چەند تابلۆیەکی هونەرییان پێشکێشکرد.