فیلمێکی کلۆوەی ژاو میوانی یۆبیلی زێڕینی تۆرۆنتۆیە


رووداو دیجیتاڵ

نوێترین فیلمی کلۆوەی ژاو، دەرهێنەری چینی و براوەی خەڵاتی ئۆسکار، بە ناوی (Hamnet) کە لە رۆمانێکی پڕفرۆشی ماگی ئۆفارێڵ وەرگیراوە، لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ (TIFF) بۆ یەکەمجار پێشاندرا و بووە جێی سەرنجی رەخنەگران و ئامادەبووان.
 
فیلمەکە رۆژی یەکشەممە 7ـی ئەیلوولی 2025 پێشاندرا و چیرۆکی ویلیام شێکسپیر و هاوژینەکەی ئاگنێس شێکسپیر دەگێڕێتەوە، کە رووبەڕووی ئازاری لەدەستدانی کوڕەکەیان دەبنەوە.
 
کلۆوەی ژاو کە هاوکات نووسەر، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری جێبەجێکاری فیلمەکەیە، لەبارەی پەیامی فیلمەکەوە رایگەیاند: "ژیان سەختە، وانییە؟ دڵشکانیش شتێکە لێی رزگار نابیت. پێموایە هەندێکجار هان نادرێین هەست و سۆزەکانمان دەرببڕین و شەرمەزار دەکرێین. هەست دەکەم ئەم فیلمە وەک دەفرێک وایە کە شوێنێکی ئارام بۆ خەڵک دابین دەکات، تەنیا بۆ ماوەی دوو کاژێر و نیو، بۆ ئەوەی پێکەوە بچینە ناو ئەم گەشتەوە، دڵمان بشکێت، نەرم ببینەوە، بەڵام پشتی یەکدی بگرین و دواتر رەنگە رێگە بە هەندێک ئارامبوونەوە بدەین".
 
بڕیارە فیلمی (Hamnet) لە 27ـی تشرینی دووەمی 2025 لە سینەماکانی جیهاندا پێشانبدرێت.
 
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ بە یەکێک لە گرنگترین فێستیڤاڵە سینەماییەکانی جیهان دادەنرێت و ساڵانە دەروازەیەکە بۆ ناساندنی ئەو فیلمانەی کە رکابەری لەسەر خەڵاتە گەورەکانی وەک ئۆسکار دەکەن.
 
50ـیەمین خولی فێستیڤاڵەکە لە رۆژانی 4 تاوەکو 14ـی ئەیلوولی 2025 بەڕێوەدەچێت. بەهۆی یۆبیلی زێڕینی فێستیڤاڵەکەوە، خولی ئەمساڵی تایبەتمەندی خۆی هەیە و چالاکییەکانی لە ئاستێکی گەورەتر بەڕێوەدەچن.