رەحمە ریاز گۆرانی بۆ مۆندیال دەڵێت

رووداو دیجیتاڵ

لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بەشداریکردنی رەحمە ریاز، هونەرمەندی عێراقی لە گۆرانی فەرمی مۆندیالی 2022 لە قەتەر، بەرهەمەکە بە بەشداری ژمارەیەک لە هونەرمەندانی دیکەش بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکرایەوە.
 
بەرهەمەکە بەناوی'Light The Sky'یە و جگە لە رەحمە ریاز، نورا فەتحی، هونەرمەندی مەغریبی و بەلقیس، هونەرمەندی یەمەنی لەم بەرهەمەدا بەشدارن و بە ئینگلیزی گۆرانی دەڵێن.
 
هەر لەم بەرهەمەدا ریدوەن، دی جەی مەغریبی – سوێدی بەشدارە و لە کەناڵی تایبەتی فیفا لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
 
رەحمە ریاز، بە یەکێک لە ناسراوترین گۆرانیبێژەکانی عێراق دەناسرێت و هۆگری زۆری لە عێراق و وڵاتانی عەرەبی هەیە و کچی ریاز ئەحمەد، هونەرمەندی کۆچکردووی عێراقییە.
 
یەکێک لە بەرهەمەکانی ئەو گۆرانیبێژە بەناوی 'کەوکەب'ـە و تەنیا بە دەنگ بڵاوکراوەتەوە و زیاتر لە 142 ملیۆن بینەری هەیە.
 
ئەمساڵ جامی جیهانی لە 20-11-2022 تاوەکو 18-12-2022 لە قەتەر بەڕێوەدەچێت و یەکەمجارە ئەو رووداوە وەرزشییە گرنگە لە وڵاتێکی عەرەبی بەڕێوەدەچێت.