میسر گرتە رووتەکانی ئەنجێلینا جولی دەسڕێتەوە


رووداو- ئاژانسەکان

دەزگای چاودێری فیلمە بیانییەکان لە میسر، 10 دیمەنی رووت و وروژێنەری فیلمە نوێیەکەی ئەنجلینا جولی و براد بیت دەسڕێتەوە، پاشان رێگا دەدات لە سینەماکان پیشان بدرێت.


فیلمی نوێی ئەنجلینا جولی و براد پیت، بەناوی (By the Sea)، واتە لەسەر رێگای دەریا، لە سەرتاسەری جیهان بڵاوکرایەوە، بەڵام وڵاتی میسر چەند رۆژێکە  رێگەی نەداوە ئەم فیلمە پیشان بدرێت، بەهۆی بوونی چەند گرتەیەکی رووت و ماچ و دیمەنی وروژێنەر، بەڵام پاش سڕینەوەی دیمەنەکان، رەزامەندی پیشاندا.

ئەنجلینا جولی، خۆی دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر و نووسەری ئەم فیلمەیە، کە باس لە ژن و مێردێکی گوندنشین دەکات، بەڵام بەهۆی چەند کێشەیەکەوە لە یەکدی دوور دەکەونەوەو دەیانەوێت هەر یەکەیان بۆ وڵاتێکی دیکە گەشت بکەن، تاوەکو خۆشەویستی جارانیان بۆ بگەڕێتەوە.

ئەم فیلمە نمایشێکی تایبەتی لە ئەمەریکا بەڕێوەچوو، جولی لە کاتی نمایشە تایبەتەکە، بە میدیاکانی جیهانی راگەیاند، "ئەم فیلمە گوزارشت لە ژیانی من و براد بیت ناکات، ئێمە هیچ کێشەیەکمان لە نێواندانییە، ئەگەر رۆژنامەنووسەکان بهێڵن بەیەکەوە زۆر ئاسوودەین".

لەسەر رێگەی دەریا، فیلمێکی 132 خولەکییەو بەبودجەی 10 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی بەرهەمهێندراوە.