نمایشێکی تایبەتی فیلمە نوێکەی ئەنجێلینا جولی و براد بیت بەڕێوەدەچێت

ئەنجێلینا جولی و براد بیت، لە رێورەسمی کردنەوەی فێستیڤاڵی پەیمانگای فیلمی ئەمەریکی، لە لۆس ئەنجلۆس-ی ئەمەریکا ئامادەبوون، کە تێیدا فیلمی سینەمایی By The Sea دەبێتە فیلمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکە.

By The Sea، واتە لە سەر رێگای دەریا، لە نووسین و دەرهێنانی "ئەنجێلینا جولی"ی، ئەستێرەی هۆلیوودە، لە فیلمەکەشدا هەریەکە لە ئەنجێلینا جولی و براد بیت-ی هاوژینی رۆڵی سەرەکی دەبینن.

جولی، ئەکتەر و دەرهێنەری فیلمەکە، لە رێورەسمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکە گوتی، "دەبێت ئەوە بڵێم، کە چیرۆکی فیلمەکە چیرۆکی ئێمە نییە، کێشەکانی نێو فیلمەکەش کێشەی ژیانی من و براد بیت نین، ئەمە تەنیا سیناریۆیەکە کە من هەستم پێی کردووەو نووسیومەتەوە".

لە رابردوودا، ئەنجێلینا جولی رایگەیاند، کە دەیەوێت لەمەودوا لە پشتی کامێرای فیلمەکانەوە وەک دەرهێنەر کار بکات، فیلمی By The Sea بەبودجەی ١٠ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی بەرهەمهاتووە، لە 13-ی نۆڤەمبەری 2015, بۆ یەکەمجار لە سینەماکانی جیهاندا پیشاندەرێت، ئەمەش ئەزموونێکی دیکەی پێکەوەیی جولی و بیت دەبێت، لە دوای فیلمی سینەمایی Mr And Mrs Smith کە لە ساڵی 2005 بڵاوکرایەوە.

براد بیت، ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە، کە لەگەڵ هاوژینەکەی لە رێورەسمەکە ئامادەبوو، گوتی، "ئێمە بەردەوامین و لە خۆشەویستیدا دەژین، ئەم فیلمە ئەزموونێکی نوێ دەبێت لە ژیانی من و ئەنجیلینا جولی هاوژینم، ئەو لە کارکردن وەک دەرهێنەری فیلمەکە زۆر سەرکەوتوو بوو، بۆیە پێم وایە سەرکەوتنی گەورە بۆ فیلمەکە تۆماردەکەین".

چاودێرانی سینەمای جیهان پێیان وایە، کە ئەم فیلمە دەتوانێت داهاتێکی گەورە کۆ بکاتەوە، چونکە لە دەرهێنانی ئەنجێلینا جولی-ییە، لەگەڵ ئەوەشدا هەریەکە لە جولی و براد بیت-ی هاوژینی، بەیەکەوە رۆڵی سەرەکی تێدا دەبینن.