فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بە بەشداریی 110 فیلم بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
12یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بە دروشمی (وشکەساڵی) و بە بەشداربوونی 110 فیلمی کوردی و بیانی دەستپێدەکات و ماوەی هەفتەیەک دەخایەنێت؛ سەرۆکی فێستیڤاڵەکەش دەڵێت، ئەمساڵ سینەما بۆ هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بەکاردەهێنن.
بڕیارە سبەی سێشەممە 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، چالاکییەکانی 12یەمین فێستیڤاڵەکە دەستپێبکەن و تاوەکو 16ـی مانگ بەردەوام بن. لەم خولەدا ئیسپانیا وەک وڵاتی میوان بەشدارە.
ئەمیر عەلی، سەرۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک، لە میانی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە دڵدار هەرکی پێشکێشی کرد، رایگەیاند: "پەیامی ئەمساڵمان وشکەساڵییە؛ ئەمەش پەیامێکی جیهانییە، چونکە وشکەساڵی بووەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر مرۆڤایەتی و سیاسەت و حکومڕانیی وڵاتانیش دەگۆڕێت".
سەرۆکی فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجیانە لە رێگەی سینەماوە پەیامی هۆشیارکردنەوە بدەنە خەڵک و بەرپرسان بۆ پاراستنی ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو.
سەبارەت بە میوانانی فێستیڤاڵ، ئەمیر عەلی گوتی: "میوانەکانمان تایبەتن بە بواری سینەما؛ رەنگە وەک ساڵانی رابردوو سوپەرستاری گۆرانیبێژی تێدا نەبێت، بەڵام ئەستێرەی دیاری سینەما و ئەکادیمییەکان ئامادە دەبن".
فێستیڤاڵەکە بە نمایشکردنی فیلمی (My Uncle Jens) لە دەرهێنانی بڕوا وەهابپوور، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێدەکات. فیلمەکە یەکەم ئەزموونی درێژی دەرهێنەرە و ژانرەکەی کۆمیدی-دراماییە، باس لە گەنجێکی مامۆستا دەکات لە ئۆسلۆ بە ناوی ئاکام، کە سەردانی لەناکاوەی مامی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە ژیانی تێکدەدات و دەبێتە هەوێنێک بۆ بەکەیگەیشتنی دوو کولتووری جیاواز.
هەر لە رێوڕەسمی کردنەوەکەدا، ڤەدات یڵدرم، هونەرمەندی ناسراوی باکووری کوردستان بە تێکەڵکردنی میلۆدییە کوردی، تورکی، ئەرمەنی و عەرەبییەکان بەشداری دەکات.
بەگوێرەی ئامارەکانی فێستیڤاڵ، ئەمساڵ 110 فیلم لە 37 وڵاتەوە وەرگیراون، کە دابەشبوون بەسەر دوو بەشی سەرەکیدا: 45 فیلمی کوردی و 65 فیلمی بیانی.
بۆ هەڵسەنگاندنی فیلمەکان، چەندین لیژنەی دادوەری لە کەسایەتییە دیارەکان پێکهێنراون، لیژنەی سینەمای کوردی بە سەرۆکایەتیی جەمیلا لایملێ، بەرهەمهێنەری فەرەنسی، لیژنەی سینەمای جیهانی بە سەرۆکایەتیی دلیک تاکمجی، دەرهێنەر و ئەکادیمیستی تورک، لیژنەی کورتەفیلم بە سەرۆکایەتیی کریستۆف گامپل، دەرهێنەری ئەڵمانی و لیژنەی بەڵگەفیلم بە سەرۆکایەتیی تۆماس لیێر، بەڕێوەبەری ئینستیتۆی گۆتە لە عێراق.
وەک نەریتێکی ساڵانە و بۆ شەشەمین ساڵ، پڕۆژەی نووهات لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا بەردەوام دەبێت لە پێشکێشکردنی وۆرکشۆپ و پاڵپشتیی دارایی بۆ سینەماکارانی گەنج.