گرنگترین کارەکتەری بووکەڵەکان لە فیلمە ترسناکەکاندا
رووداو دیجیتاڵ
'M3GAN' فیلمێکی نوێی ترسناکە و بووکەڵەیەک کارەکتەری سەرەکیی ئەم بەرهەمەیە و ئێستا لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندەدرێت و داهاتی یەکەم هەفتەی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 30 ملیۆن و 200 هەزار دۆلارە.
لە فیلمەکەدا بووکەڵەیەکی رۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤ هەیە و لەلایەن ئەندازیارێکی دروستکردنی رۆبۆتەوە لە کۆمپانیایەکی دروستکردنی یاریی ئەلیکترۆنییەوە دروستکراوە، ئەرکی گرنگیدانە بۆە منداڵێک بۆ ئەوەی هەست بە تەنیای نەکات، بەڵام ئەو بە رادەیەک چاودێری ئەو منداڵە دەکات، هەرکەسێک ئەزیەتی بدات یان دەنگی بەسەردا بەرزبکاتەوە، رۆبۆتەکە رووبەڕووی دەبێتەوە و تاوان ئەنجام دەدات.
ئەم بەرهەمە لە دەرهێنانی جیرارد جۆنستنە و هەریەک لە ئالیسن ویلیامز، ئێمی دۆنالد و رۆنی چینگ رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
ئەم فیلمە ترسناکە لە 28 کانوونی یەکەمی 2022 لە سێ وڵات پێشاندرا و لە 4 ئەم مانگە لە زۆربەی سینەماکانی جیهاندا پێشاندرا، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 45 ملیۆن و 33 هەزار دۆلاری ئەمریکییە و بودجەی بەرهەمهێنانی 12 ملیۆن دۆلارە.
جگە لەو بووکەڵەیەکە، سینەمای هۆلیوود چەندین بووکەڵەی دیکەی داهێناوە و لە فیلمی ترسناکەکاندا بەکارهاتوون و گرنگرتین پێنج لەو بووکەڵانە دەخەینەڕوو.
فیلمی 'Annabelle' لە دەرهێنانی جۆن ئاڕ لیۆنێتی و بەرهەمی 2014، یەکێک لە فیلمانەیە و باس لە دوو هاوژین دەکات کە رووبەڕووی مەترسی گەورە دەبنەوە، ئەمەش لە دوای ئەوەی بووکەڵەیەکی ترسناک دەچێتە نێو ماڵەکەیانەوە.
فیلمی 'Puppet Master' لە دەرهێنانی دێیڤد سچموێلەر و بەرهەمی 1989، فیلمێکی دیکەیەوە و کارەکتەری سەرەکیی بووکەڵەیە و باس لە ژمارەیەک دروونناس دەکات کە رووبەڕووی بووکەڵەیەکی ترسناک دەبنەوە و دەیەوێت تۆڵە بۆ ئەو کەسە بکاتەوە کە دروستی کردووە و ئەو کەسە کۆچی دواییکردووە.
فیلمی 'The Doll Master' لە دەرهێنانی جیۆنگ یۆنگ – کی و بەرهەمی 2004، فیلمێکی دیکەی ترسناکە و کارەکتەری سەرەکیی بووکەڵەیەکی ترسناکە، چیرۆکی پێنج گەنج دەگێڕێتەوە کە مۆزەخانەیەکی بووکەڵەکان لە دارستانێکدا دەدۆزنەوە، تێیدا کەسێک دەژی کە لەسەر کورسییەک بەستراوەتەوە و هاوکارێکی لەگەڵدایە.
فیلمی 'The Boy' لە دەرهێنانی ولیەم برێنیت بێڵ و بەرهەمی 2016یە و باس لە بەخێوەکەرێکی ئەمریکی دەکات کە ئەرکی گرنگیدانە بە بووکەڵەیەک بۆ ماڵباتێکی بەریتانی بەناوبانگ، دواتر ئەندامانی ئەو ماڵباتە بۆیان دەردەکەوێت کە بەهۆی ئەو بووکەڵەیەوە رووبەڕووی چەندین رووداوی مەترسیدار دەبنەوە.
فیلمی 'Child's Play' لە دەرهێنانی رۆنی یۆ و لە 1988 بەرهەمهاتووە و بڵاوکراوەتەوە، چیرۆکەکەی باس لە دایکێک دەکات کە بووکەڵەیەک بە کوڕەکەی دەبەخشێت و دواتر دەردەکەوێت رووحێکی بکوژ خاوەنیەتی و رووداوی ترسناک بە دوای خۆیدا دێنێت.