ڤالا سەردار و گرووپی 'RDR' سێیەم بەرهەمی هاوبەشیان بڵاودەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
گرووپی میوزیکی "RDR" سێیەم کاری هاوبەشی لەگەڵ هونەرمەند ڤالا سەردار بڵاودەکاتەوە، ئەویش دووبارە گوتنەوەی گۆرانیی "ئازیزم بۆچی تۆراوی"یە.
پێشتر هەردوو هونەرمەند مەرزیە فەریقی و لەیلا فەریقی گۆرانییەکەیان گوتوویانە، دواتر ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان ئەو گۆرانییانەیان دووبارە گوتووەتەوە.
گرووپی "RDR" بە دابەشكردن و میوزیکێکی نوێ گۆرانیی "ئازیزم بۆچی تۆراوی" بۆ ڤالا سەردار ئامادەکردووەتەوە و بەشێوەی ئاکۆستیک تۆمار و بڵاوکراوەتەوە.
دیەم جەلال، سەرۆکی گرووپەکە کاری میوزیکی بۆ گۆرانییەکە کردووەتەوە و بە رووداوی راگەیاند، ئەمە دەبێتە سێیەم کاری هاوبەشی ئاکۆستیکیان لەگەڵ ڤالا سەردار و کاری دیکەی ئاکۆستیکیان بەدەستەوەیە و بۆ ژمارەیەک هونەرمەندی دیکەی دەکەن.
ڤالا سەردار، پێشتر گۆرانیی "أنا لحبيبي"ـی فەیروز، هونەرمەندی ناسراوی لوبنانی و گۆرانیی "في حزن وسع المدى"ـی مەیادە بسیلیس، هونەرمەندی سووری لەگەڵ گرووپی "RDR"ـی کەڤەرکردووەتەوە.
بەم دواییە گرووپەکە میوزیکی وەرزی دووەمی زنجیرەی "Squid Game" بە شێوازێکی رۆژهەڵاتییانە ژەنیوە و لە ڤیدیۆکلیپی بڵاوکردەوە. بەر لەو بەرهەمەش، میوزیکی وەرزی یەکەمی زنجیرەکەیان ژەنیوە و زیاتر لە پێنج ملیۆن بینەری لە یوتیوب هەیە.
گرووپەکە میوزیکی چەندین بەرهەمی دیکەیان کەڤەرکردووەتەوە، لەوانەش یاریی ڤیدیۆیی "God of War" و ئامێری میوزیکیی رۆژهەڵاتیانەی تێدا بەکارهاتووە.
"ئاڕ دی ئاڕ - RDR" لە 2014 دامەزراوە، تاوەکو ئێستا 14 بەرهەمیان بەشێوەی دەنگ و ڤیدیۆکلیپ هەیە و لە پێنج ئەندام پێکهاتووە.