دیمەنی فیلمە نوێیەکەی دوێن جۆنسن بڵاوکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
دیمەنی فیلمە نوێیەکەی، دوێن جۆنسن، ئەکتەری ئەمریکی بڵاوکرایەوە کە بەناوی 'Black Adam'یە و ئەو ئەکتەرە رۆڵی کارەکتەرێکی خاوەن هێزی رادەبەدەر دەگێڕێت.
ئەو ئەکتەرە کە لە نێو هۆگرانیدا بە 'زە رۆک' دەناسرێت، یەکەمجارە رۆڵێکی جیاوازی لەم شێوەیە دەگێڕێت، بە بەراورد لەگەڵ ئەو رۆڵانەی لە فیلمەکانی پێشوویدا گێڕاویەتی.
ترەیلەری فیلمەکە، ئامادەکارییەکە بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمە لە سینەماکانی جیهاندا، تێیدا دوو جیهانی جیاواز دەردەکەون، جیهانێکی نوێ و جیهانێکی کۆن.
لە ڤیدیۆکەدا کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە بلاک ئادەم، دەردەکەوێت کە لە دوای مردنی، بەهۆی بروسکێکی جادوویی دووبارە زیندوو دەبێتەوە و دواتر دەبێتە خاوەن هێزێکی لە رادەبەدەر.
هایرم گارسیا، بەرهەمهێنەری فیلمەکە رایگەیاند، کارەکتەری بلاک ئادەم، تایبەتمەندیی زۆر و توانای فڕینی هەیە، هێندە بە هیزە دەتوانێت جیهان بڕوخێنێت.
'Black Adam' فیلمێکی ئەمریکییە، کارەکتەری دی سی کۆمێکس تێیدا بەکارهاتووە و جەوما کۆلێت سیرا کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، جگە لە دوێن جۆنسن، هەریەک لە سارە شاهی و پرێس برۆسنەن رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
فیلمەکە لە جۆری بەرهەمە ئەکشن و فەنتازییەکانە و بڕیارە لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە سینەماکانی جیهاندا بڵاوبکرێتەوە و 21-10-2022 لە سینەماکانی ئەمریکا پێشاندەدرێت.
دوێن جۆنسن، یەکێک لە دیارترین یاریزانەکانی زۆرانبازی بووە لە جیهانەدا، دواتر رووی لە سینەما کردووە، وەک ئەکتەرێک داهاتی فیلمەکانی لە ئەمریکای باکوور زیاتر لە سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بووە و داهاتیان لە سەرانسەری جیهاندا 10 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.
جۆنسن، یەکێک لەو ئەکتەرانەیە کە زۆرترین کرێ بۆ رۆڵگێڕان لە فیلمدا وەردەگرێت و چەند ساڵێک لە ریزبەندی یەکەمدا لیستی ئەو هونەرمەندانەدا بوو کە زۆرترین کرێ بۆ کارکردنیان دەگێڕن.
یەکەم دەرکەوتنی جۆنسن لە سینەمادا، لە 2002 بوو لە فیلمی سینەمایی 'The Scorpion King'، دواتر لە 2007 لە فیلمی 'The Game Plan' و 2010 لە فیلمی 'Tooth Fairy' ناوبانگی پەیداکرد.
جۆنسن، لە 2016 و 2019 وەک یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی جیهان ناسێندرا.