سیڤان کوردۆ لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا گۆرانی بۆ خەڵک دەڵێت

رووداو دیجیتاڵ

سیڤان کوردۆ گەنجێکە لە هەولێر و بە کوڕەکەی سەرشەقام ناسراوە، لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا لەسەر خواستی خەڵک گۆرانی بۆ خەڵك دەڵێت. 
 
کوردۆ، لە کاتی گۆرانیگوتن بە ڤیدیۆ تۆماریان دەکات و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویان دەکاتەوە و بەهۆیەوە ناوبانگی پەدایکردووە.
 
سیڤان کوردۆ، دەنگخۆشە و لە منداڵییەوە گۆرانی دەڵێت، بەڵام ماوەی دوو مانگە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆی بڵاودەکاتەوە و ئێستا خوێندکاری زانکۆیە و لە قۆناخی چواری بەشی ئینگلیزی دەخوێنێت.
 
سیڤان کوردۆ، لە هەواڵە هونەرییەکانی رووداو بەشداربوو کە جگە لە رۆژی هەینی، رۆژانە لە کاژێر 10:40ـی بەیانی لەلایەن بانوو دڵشاد پێشکێش دەکرێت، تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەو بۆ دڵخۆشی خەڵک گۆرانی دەڵێت و هەرکەسێک لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا داوای لێبکات گۆرانیان بۆ دەڵێت.
 
ئەوەشی خستەڕوو، زۆربەی ئەو گۆرانیانەی خەڵک داوای دەکەن، بەرهەمی فۆلکلۆری کوردین، هەروەها بەرهەمی هەردوو هونەرمەند زەکەریا عەبدوڵڵا و زیاد ئەسعەدن.
 
جگە لە گۆرانیگوتن لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا، سیڤان کوردۆ خاوەنی دوو بەرهەمی تایبەت بە خۆیەتی و ئێستا ئامادەکاری بۆ بەرهەمی نوێ دەکات و بە چەند زمانێک گۆرانی دەڵێت.