فێستیڤاڵی تەمبوور لە دیمەشق بە سپۆنسەری میدیایی رووداو بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
لە دیمەشقی سووریا، بە سپۆنسەریی میدیایی، تۆڕی میدیایی رووداو، فێستیڤاڵی تەمبوور دەستیپێکرد و تا ئەمڕۆ شەممە، بەردەوام دەبێت.
ئیدریس موراد، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵ، بە رووداوی راگەیاند: "ئامێری تەمبوور ئامێرێکی زۆر دێرینە لەنێو کولتووری کوردیدا. ئێمە ویستمان کار لەسەر ئەم ئامێرە بکەین کە یەکێکە لە کۆنترین ئامێرەکانی ناوچەکەیە. ویستمان بە شێوازی تاکژەنی و بە کۆمەڵ لەسەر شانۆ پێشکێشی بکەین، بۆ ئەمەش ئەم فێستیڤاڵەمان رێکخست."
ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندانی کورد لەم فێستیڤاڵەدا بەشدارن، هەریەکەیان دەیەوێت لە رێگەی میوزیکەکەیەوە پەیامی خۆی بگەیەنێت و دڵخۆشی بخاتە دڵی ئامادەبووانەوە.
ئالان موراد، هونەرمەندی کورد، دەڵێت: "ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی گۆرانی کوردی پێشکێش بکەین، چونکە ئاواز و گۆرانیی کوردی بیسەری تایبەتی خۆی هەیە. دەمانەوێت لە رێگەی ئەم فێستیڤاڵەوە پارێزگاری لە گۆرانی و فۆلکلۆری کوردی بکەین. من رۆژی شەممە چەند بەرهەمێکی کوردی لەسەر ئامێری بوزق پێشکەش دەکەم."
جیاواز لە ساڵانی رابردوو، فێستیڤاڵەکە ئەمساڵ بە شێوەیەکی فراوانتر و رێکخراوتر بەڕێوەچوو. ئەو کەسانەی لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوون، را و بۆچوونی خۆیان دەربڕی.
ساڵح کۆدرەش، لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوو و لەبارەی فێستیڤاڵەکەوە دەڵێت: "کارێکی زۆر باشە کە میوزیکی کوردی دەخرێتەڕوو و بە خەڵک دەناسێنرێت. ئێمە زۆر دڵخۆشین بەم کارە."
ئامێری تەمبوور وەک ئامێرێکی کوردی ناسراوە، بەڵام هێشتا بە شێوەیەکی فراوان لەنێو کۆمەڵگەی سووریادا گرنگیی پێ نەدراوە. ئامانج لەم جۆرە فێستیڤاڵانە زیاتر ناساندنی ئامێرەکەیە و لە رێگەی ئەوەش کولتوور و میوزیکی کوردی بڵاو بکرێتەوە.