مەحموود فەرشچیان شێوەکاری ناسراوی ئێرانی کۆچی دواییکرد


رووداو دیجیتاڵ

مەحموود فەرشچیان، شێوەکاری ناسراوی ئێرانی، بەیانی ئەمڕۆ شەممە، لە تەمەنی 95 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و هەواڵی کۆچی دوایی لەلایەن برازایەکی پشتراستکراوەتەوە.
 
مەحموود فەرشچیان لە 24ـی کانوونی دووەمی  1930 لە شاری ئیسفەهانی ئێران لەدایک بووە، بە یەکێک لە کاریگەرترین و داهێنەرترین هونەرمەندانی بواری نیگارکێشیی ئێرانی لە سەتەی رابردوودا دەناسرێت.
 
خوێندنی سەرەتایی هونەری لە قوتابخانەی هونەرە جوانەکانی ئیسفەهان دەستپێکرد، دواتر بۆ تەواوکردنی زانستی هونەریی خۆی رووی لە ئەورووپا کرد. ئەو بە تێکەڵکردنی قوتابخانەی نیگارکێشیی سوننەتیی ئێرانی لەگەڵ شێوازە نوێیەکان، ستایلێکی تایبەت بە خۆی داهێنا و بەرهەمی ناوازەی خوڵقاندووە.
 
بەرهەمەکانی فەرشچیان لە بەناوبانگترین مۆزەخانەکانی جیهان و ئێراندا دانراون.