"مام جەلال: لەگەڵ مۆسیقا و گۆرانیدا كۆنەویستم"
رووداو - هەولێر
سەرەڕای سەرقاڵیی زۆری بە كاری سیاسی و كێشە و گیروگرفتەكانی كوردستان و عێراق، مام جەلال سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق و سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كاتیشی بۆ هونەر و ئەدەب هەبووە، رەنگە زۆر لە خەڵكی حەز بكەن بزانن مام جەلال حەزی لە دەنگی كامە هونەرمەند بووە، خۆی لە كتێبی دیداری تەمەندا ئاماژەی بە ناوی هەندێ لەو هونەرمەندانە داوە كە حەز لە دەنگیان دەكات، هونەرمەند بورهان خۆشناویش لێرەدا ناوی دیكە ئاشكرا دەكات.
بورهان خۆشناو كە ساڵی 2000 لە نزیكەوە چاوی بە مام جەلال كەوتووە، دەڵێت لەو دانیشتنەدا باسی ئەو هونەرمەندانەی كرد كە ئەو رۆژانە بەپێی دەرفەت گوێیان بۆ دەگرێت.
خۆشناو بە (رووداو)ی گوت: "لەگەڵ چەند هونەرمەندێك چووینە خزمەت مام جەلال، ئەو پاڵپشت و هاوكارێكی نزیكی هونەرمەندان و رۆشنبیران بوو، هەمیشە لە كۆڕ و مەجلیسەكانی مام جەلالدا هونەرمەند یان رۆشنبیر و ئەدەبدۆست هەبوون، مام جەلال لەنێو ئێمە دانیشت، لە كاتی نانخواردن باسی دەنگی ئەو هونەرمەندانەی كرد كە شەوانە گوێیان لێدەگرێ".
بورهان خۆشناو، حەیرانبێژ و لاوكبێژێكی شاری هەولێرە، چەند ساڵێك لە شاری سلێمانی ژیاوە، ئەو بە چاوێكی پڕ لە گریانەوە باسی لەو رۆژە كرد كە مام جەلالی بینیوە و دەڵێت: "مام جەلال لەبەردەم هەموو ئامادەبووان، كە كاك ئازاد جوندیانی یەكێك بوو لە بەشداربووانی ئەو دیدارە، بە منی گوت، زۆر شەیدای حەیرانم، حەیرانیش زیاتر بە دەنگی تۆ حەزی لێدەكەم، گوتیشی كە سەرەڕای سەرقاڵبوونم بە دونیای سیاسەت، بەڵام كە گوێ لە حەیران دەگرم ئارام دەبمەوە، ئەم قسەیەی مام جەلال گوڕوتینێكی زیاتری بە من دا و وایكرد زیاتر سەرقاڵی حەیران و هونەری رەسەنی كوردی بم".
وەك بورهان خۆشناو دەگێڕێتەوە، مام جەلال لە ژیانیدا حەزی لە دەنگی سێ هونەرمەندی كورد كردووە و بەردەوام گوێی لێگرتوون "مام جەلال هەر لەو دیدارەدا بەمنی گوت كە لە ژیانیدا حەزی لە دەنگی سێ هونەرمەندی كورد كردووە، ئەوانیش لاوكەكانی كاوێس ئاغا، هومەر دزەیی و حەیرانەكانی بورهان خۆشناو".
لە كتێبی دیداری تەمەندا كە پرسیار لە مام جەلال كراوە: "بەینت لەگەڵ گۆرانی و مۆسیقادا چۆنە، حەز لە دەنگی كێ دەكەیت؟" مام جەلال لە وەڵامدا دەڵێت: "لەگەڵ مۆسیقا و گۆرانیشدا من كۆن ویستم، لە كوردیدا حەز لە دەنگی سێوە و مریەم خان و حەسەن زیرەك و سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی و تایەر تۆفیق و حەیرانەكان و چەند دەنگخۆشێكی تریش دەكەم. لە هی عەرەبدا حەزم لە دەنگی ئوم كەلسوم و عەبدولوەهاب و فەیرووز و سەباحە".
لەبارەی گۆرانیگوتنیش مام جەلال دەڵێت "كە قوتابی بووم زۆرجار سرودی نیشتیمانیم گوتووە، لە ناوزەنگ بە تایبەتی لە یادەكاندا، بۆ نموونە یادی سەری ساڵمان دەكردەوە گۆرانییان پێدەگوتین، منیش گۆرانیم دەگوت، بەڵام دەنگم خۆش نییە".
بورهان خۆشناو هەر لەبارەی دیدارەكەیان لەگەڵ مام جەلال، باسی زەوقی هونەریی مام جەلال دەكات و دەڵێت: "مام جەلال زانیاریی باشی لەبارەی حەیران هەبوو. لە بواری حەیرانی دەشتی هەولێر شارەزا بوو، ئەو پێیگوتم منیش كوڕی حەیرانم، ئەو سووتانە هەر تەنیا لای جەنابتان نییە، بەشێكی بەر منیش دەكەوێت، ئەو قسانەی مام جەلال تاوەكو ئێستاش لە بیرەوەریمدا زیندوون، هەر ئەوەش بووە پاڵنەرێكی مەزن بۆ ئەوەی لە حەیرانگوتن بەردەوام بم".