لە هەولێر پێشانگەیەک دژ بە جەنگ و بەکارهێنانی چەک کرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
'پارادۆکس' پێشانگەیەکی شێوەکارییە بۆ دوو هونەرمەندی کورد و فەرەنسی لە هەولێر، مژاری سەرەکی تێیدا دژبوونە بە جەنگ و بەکارهێنانی چەک لە جیهاندا.
پێشانگەکە تایبەت بە بەرهەمی ئان بنوا لیل، شێوەکاری فەرەنسی و هێمن حەمید، شێوەکاری کورد بوون و هەریەکەیان چەند بەرهەمێکیان خستبووەڕوو و بەشێک لە کارە هونەرییەکان لە کەرستە بەکارهاتووەکان دروستکرابوون.
هێمن حەمید، بە رووداوی راگەیاند، پێشانگەکە لە دژی جەنگ و بەکارهێنانی چەکە و ئەو لە رێگەی چەند ڤیدیۆ ئاڕتێکەوە، دروستکردنی چەک لەلایەن ژمارەیەک منداڵی موسڵ پێشاندەدات.
ئان بنوا لیل، هونەرمەندی فەرەنسی کە لە پێشانگەکەدا بەشداربوو، بە رووداوی راگەیاند: "من هونەرمەندێکم لە فەرەنسا دەژیم، کارم لەسەر کوردستان کردووە و کارەکانم پەیوەندیدارە بە رووداوە سیاسییەکان. یەکەم وێنە پەیوەندیدار بوو بە رووداوە سیاسییەکان و بەتایبەتی داعش و بەجەرگیی پێشمەرگە، ئەو پیاو و ژنانەی زۆر ئازایانە بەرگرییان دەکرد".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "ئەو کارەکتەرە بەهێزەیان سەرنجی منیان راکێشا لەبەر ئەوەی من خۆم زۆر سەیری بابەتە سیاسییە جیهانییەکانم دەکرد، بۆیە بەتایبەتی ئەو بەجەرگییەی خەڵکانێک کە دەوڵەتیان نەبوو، بە رای من زۆر کاریگەر بوو".
پێشانگەکە رۆژی یەکشەممە 8ـی تشرینی یەکەم 2023 لەلایەن بەشی هونەری شێوەکاری سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و رێکخراوی 'la pluie d'Oiseaux'ـی فەرەنسی لە گەلەری میدیا لە هەولێر کرایەوە و بڕیارە چەند رۆژێک بەردەوام بێت.