دارا ئارام تابلۆکانی لە پێشانگەیەکی هاوبەشدا لە کەنەدا خستەڕوو
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری برۆکڤیڵی ویلایەتی ئۆنتاریۆ لە کەنەدا، پێشانگەیەکی هاوبەشی شێوەکاری بەناونیشانی (ئارامی لەناو ئاژاوەدا) کرایەوە، تێیدا بەرهەمی دارا ئارام، شێوەکاری ناسراوی کورد، شانبەشانی 13 هونەرمەندی دیکە نمایشکران.
پێشانگەکە لە گالەریی ماریان ڤان سیلفاوت کرایەوە و پرسیاری ئەوە دەکات، هونەرمەندان چۆن لە جیهانێکی پڕ لە ململانێ و ئاڵۆزیدا لە داهێنان بەردەوام دەبن؟
پێشانگەکە لە 8ـی ئەیلوول لەلایەن ناوەندی رۆژهەڵاتی کۆمەڵەی هونەرمەندانی ئۆنتاریۆ (OSA) کرایەوە و تاوەکو 10ـی تشرینی یەکەمی 2025 بەردەوام دەبێت.
14 شیوەکار بەرهەمەکانیان خستەڕوو کە لە بواری نیگارکێشان بە ئەکریلیک و زەیت، پەیکەرسازی، فۆتۆگرافی و کۆلاژ کاردەکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوی گالەرییەکە، هونەرمەندە بەشداربووەکان لە رێگەی دیدگە و شێوازی هونەریی جیاوازەوە، وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە و لە رێگەی بەرهەمەکانیانەوە هەوڵی دۆزینەوەی هاوسەنگی، تێڕامان و خۆڕاگری لە بەرامبەر دۆخە نادیارەکاندا دەدەن. پێشانگەکە بانگهێشتی بینەران دەکات بۆ ساتێک وەستان، بیرکردنەوە و دۆزینەوەی ساتەکانی ئارامی لەنێو گێژاوی ئەمڕۆدا.
دارا ئارام، شێوەکاری کورد، یەکێکە لەو 14 هونەرمەندانەیە کە بەرهەمەکانی لە پێشانگاکەدا بەرچاو دەکەون.