رۆژین: پرسی كوردی باكوور بە لێدانی خەندەق چارەسەر نابێ
رووداو- هەولێر
خانمە گۆرانیبێژی كورد رۆژین، جگە لە گۆرانیگوتن، شانی داوەتە بەر چەند پرۆژەیەك، لەوانەش پرۆژەی "دووبارە ژیانەوە" بۆ گەڕاندنەوەی ژنانی كوردی ئێزدی بۆ نێو كۆمەڵگە و چارەسەركردنی گرفتە دەروونییەكانیان. لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ رووداو، رۆژین دەڵێت ئەوكاتەی لە قوتابخانە بووە دوو مستەفای ناسیوە، مەلا مستەفا بارزانی و مستەفا كەمال ئەتاتورك، وێنەی یەكێكیان دەخرایە حەوت چینی ژێر زەوییەوە، ئەوی دیكەشیان لە بەرزترین شوێندا هەڵدەواسرا".
رووداو: ئێستا رۆژین بە چییەوە سەرقاڵە؟
رۆژین: كۆمپانیایەكی میوزیكیمان دامەزراندووە بەناوی "R.B.I" . لەڕێگەی ئەم كۆمپانیایەوە هاوكاریی گەنجانی بەهرەمەند دەكەین. لەگەڵ "ئەوروپا میوزیك"یش كارێكی هاوبەشمان هەبوو. ساڵی رابردوو ئەلبوومێكم بەناوی "ژ نوڤە" بڵاوكردەوە. دوایین ئەلبوومم كورتەی ژیان و بەسەرهاتی ناوچەكەیە. دەتوانم بڵێم، تەواوی هەستەكانم لەو ئەلبوومەدا دەربڕیوە. گەلەكەشم لە بارودۆخێكی زۆر خراپدایە، ئەو ئەلبوومە وەك شیعرێكی دەنگ و رەنگدار وایە.
هەروەها پرۆژەیەكی دیكەشم رەنگە زوو بێت بۆ باسكردنی، بەڵام دەمەوێت وەك كەسێك كە بەرەوڕووی توندوتیژیی بوومەتەوە، ژیانی خۆم بنووسمەوە. وەك شاعیر دەڵێت "هەنگوین دەكەم بە ئازارەكاندا" و دەیانگێڕمەوە، چونكە زۆر ئازارم چەشت. بایۆگرافییەك كە لەكاتی پێكەنیندا دەتگریێنێ.
لەگەڵ گوڵستان پەروەریش پرۆژەیەكمان هەیە، 30-40 هونەرمەندی هەر چوار پارچەی كوردستان كۆدەبینەوە و پێكەوە كارێك دەكەین. ئامانجمان كۆكردنەوەی هەموو لایەكە پێكەوە، چونكە ئاگر چواردەوری كوردستانی گرتووە و پەیامی "یەكبگرن"ی داوە بە ئێمە.
رووداو: ئەی پرۆژەیەكتان هەیە تایبەت بە كچانی كوردی ئێزدی، ئەو پرۆژەیە چییە؟
رۆژین: پرۆژەكە ناوی "دووبارە ژیانەوە"یە و لە كەمپێكی شاری دهۆكەوە دەستمان پێكرد. ئامانجی سەرەتاییمان دۆزینەوەی كارە بۆ ئەو كچانە، بەڵام پێكهاتەی كۆمەڵایەتییان رێگربوو لەبەردەمماندا. سەرەڕای ئەوەش بەردەوامین لە هەوڵەكانمان. لە كەمپەكەدا شوێنێكی بچووكمان كردەوە و دەستمان بە كار كردووە.
بەشێك لە كچەكان بەهۆی ئەو ناسەقامگیرییەی بینییان رۆیشتن بۆ دەرەوە. ئەركی ئێمە ئەوەیە وا لەوان بكەین لە ئارامیدا بژین، مامۆستایانی چارەسەر لە رێگەی میوزیك و دراما سوودیان بۆ ئەوان دەبێت. هەموو رێگەیەك دەگرینەبەر بۆ ئەوەی ئەوان توندتر باوەش بە ژیاندا بكەن.
لەگەڵ ئەو هاوكارانەی دیكە كە لە كەمپەكە دەمێننەوە و لەگەڵ زانكۆی دهۆك سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ كۆنسێرتێك. داهاتی كۆنسێرتەكە دەدرێت بەوانەی لە كەمپەكە دەمێننەوە. پڕۆژەیەكیشمان بۆ منداڵان دەبێت، بە كورتییەكەی پرۆژەی "دووبارە ژیانەوە" بە خێرایی بەرەوپێش دەڕوات.
رووداو: بۆ پرۆژەی دووبارە ژیانەوە كێ هاوكاریتان دەكات؟
رۆژین: كۆمپانیایەكی جلوبەرگ لە توركیا هاوكاریی كردین. دەبێت ئەوەش بپرسم: ئەوەی بەسەر كچەكانماندا هێنراوە و وەك كۆیلە فرۆشران و بەكارهێنران بۆ سێكس، لە هەر شوێنێكی دیكەی جیهان بووایە، ئایا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگ دەبوو؟
رێكخراوە جیهانییەكانی مافی ژنانیش لەم بابەتەدا بەرپرسانە مامەڵەیان نەكرد. داوای هاوكاریمان لە زۆر رێكخراوی مافی ژنان لە توركیا كرد، تەنیا "ئوچان سوپورگە" وەڵامیان داینەوە و ئەوانیش تا ئێستا هیچ هاوكارییەكیان نەكردووین.
رووداو: زوو زوو دێیتە باشووری كوردستان، ئێرە چ هەستێكت پێدەبەخشێ؟
رۆژین: كە لە قۆناغی سەرەتایی بووم، دوو مستەفام ناسی، ئەوانیش مەلا مستەفا بارزانی و مستەفا كەمال ئەتاتورك بوون. وێنەی یەكێكیان قەدەغە بوو، دەخرایە حەوت چینی ژێر زەوی، ئەوی دیكەشیان بە بەرزترین شوێندا هەڵدەواسرا. بەهۆی ئەوەی تەمەنم لەسەر پێناسەكەم گەورەتر نووسرابوو، بەر لەوەی فێری توركی ببم لە تەمەنی 5 ساڵان چوومە قوتابخانە. منداڵێكی پێنج ساڵان كە هەمیشە هێرش و گوشار دەكرایە سەر ماڵەكەی، ئازاردانی خێزانەكەی لەبەر ئەوەی وێنەیەكی مەلا مستەفایان هەڵواسیوە كە لەسەر ئەسپەكەی گرتوویەتی، ئەمە چی لە مێشكی منداڵێكدا دروست دەكات؟ دەبێت باری دەروونی ئەو منداڵە چۆن بێت؟
كاتێك هاتم بۆ كوردستان، پاسپۆرتەكەم دایە پێشمەرگەیەك، ئەویش گوتی: بەخێر بێیت رۆژین. ناتوانم باسی هەستی خۆمت بۆ بكەم كە لەوكاتەدا هەمبوو. كە دێم بۆ كوردستان، هەستێكی زۆر خۆشم هەیە. وا هەست دەكەم 40 دەرگای داخراو بەڕووی دڵمدا كراونەتەوە، دەمەوێت وەك منداڵ لە فڕۆكەخانە بە هەڵبەز و دابەز بێمە دەرەوە.
رووداو: بیرت لەوە نەكردووەتەوە لە باشووری كوردستان نیشتەجێ ببی؟
رۆژین: ئێستا خەریكی ماستەرم، دەبێت تەواوی بكەم. هەندێك كاری دیكەشم هەیە، دوای ئەوە بیر لە نیشتەجێبوون دەكەمەوە.
رووداو: لەبارەی سەربەخۆیی كوردستانەوە چی دەڵێی؟
رۆژین: ساڵانێكی زۆرە، وەك هەموو كوردێك چاوەڕێی ئەو رۆژەم كوردستان سەربەخۆ ببێت و بڵێم وڵاتی خۆم. خۆر بە قوڕ داناپۆشرێت! جیهان ئەمە دەزانێت. نەتەوەپەرستێكی توندڕەو نیم، بەڵام روونە كە لەناوچەكەدا بە ئیمكانیاتێكی كەمەوە شەڕی مەدەنی دەكەین. كە هەموو نەتەوەیەك وڵاتی خۆی هەبێت بۆ من نەمبێت!
لە فیلمی ئاڤاتاری جەیمس كامیرۆندا، هەمیشە هیوایان بە دوعا و خواوەند هەیە. كورد بە ئاڤاتار دەچوێنم، دڵنیام لە كۆتاییدا سەردەكەون و دەگەن بە ئامانجەكانیان.
رووداو: لە میدیاكانی توركیادا پڕوپاگەندەی زۆر لە دژی تۆ دەكرێت، هۆكارەكەی چییە؟
رۆژین: ئەو هەواڵانە بە ئەنقەست دروست دەكرێن. هەواڵەكان پڕن لە سووكایەتی بەمن. بۆ نموونە دەڵێن "رۆژین گوتی خۆزگە كورد نەبووبام، رۆژین باوكێكی قاچاخی بۆ منداڵەكەی هێنا، پۆلیس بەسەر رۆژینی دادا، رۆژین دەڵێت گوێم لە پەكەكە نەگرت گوێم لە دایكم گرت، سەردار توروت بە رۆژینی گوت كۆیلەی سێكس و ئەویش قبووڵی كرد و... هتد".
من ئەو هەموو چالاكییەم هەیە، بەڵام میدیای توركی باسی ناكات، بەردەوام لە هەوڵی ناشیرینكردنی مندان، دەبێ میدیای كوردیش لەوە ئاگاداربن و بەقسەی ئەوان نەخەڵەتێن.
من هەرگیز سڵم لە كوردبوونم نەكردووەتەوە. بەهۆی كوردبوونیشمەوە تووشی زۆر ناڕەحەتی بووم. هەرگیز پاشگەز نابمەوە لە هەنگاونان بەرەو راستییەكان. دەبێت گەلەكەم لە هەوڵە فاشیستییەكانی میدیای توركی ئاگادار بێت و بزانێت. بە دڵنیاییەوە هاوڕێی باشمان هەیە لە میدیای توركیدا، بەڵام تواناكانی ئەوان وەكوو پێویست نییە. ئەگەر سكاڵام لە دژی ئەو هەواڵانە تۆمار بكردایە و داوای قەرەبووم بكردایە، بە پارەی ئەو قەرەبووانە دەژیام.
رووداو: ئەی لەبارەی بارودۆخی باكووری كوردستان چی دەڵێی؟
رۆژین: زۆر نیگەرانم. كوشتنی خەڵكی سڤیل تووڕەم دەكات. پێموایە بە تێپەڕینی كات هەموو شتێك روون دەبێتەوە و ئاشكرا دەبێت. ماوەیەك سەركەوتنمان بەدەستهێنا لە وەستاندنی خوێنڕشتندا. بەڵام دیارە شتێك هەیە كە گەڕاینەوە بۆ خاڵی سەرەتا. نە خەندەق و نە نیشانەشكێن ئەم پرسە چارەسەر ناكەن. دەبێت بگەڕێینەوە بۆ قۆناغی ئاشتی و دانوستاندن.