سەهیم عومەر خەلیفە خەنجەری زێڕین لە فێستیڤاڵی مەسقەت بەدەستدێنێت

رووداو دیجیتاڵ

"جوانی شاراوەی عێراق" لە دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری کورد، خەڵاتی خەنجەری زێڕین وەک باشترین بەڵگەفیلمی درێژ، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی مەسقەت بەدەستدێنێت.
 
11یەمین خولی فێستیڤاڵەکە لە 3-7ـی ئازاری 2024 لە مەسقەتی عومان بەڕێوەچوو و 20 خەڵات لە بەش جۆراوجۆرەکانی دابەشکران.
 
بەڵگەفیلمەکە براوەی خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی کوردییە لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک، هەروەها لە دەستپێکی فێستیڤاڵی بەڵگەفیلمی دۆکڤێلا پێشاندرا کە بە گرنگترین فێستیڤاڵی بەڵگەفیلم لە بەلجیکا دەناسرێت، جگە لە چەند فێستیڤاڵێکی دیکە.
 
"جوانی شاراوەی عێراق" لەبارەی لەتیف عانی، فۆتۆگرافەری عێراقییە و بەشێکی زۆری دیمەنەکانی لە باشووری کوردستان وێنەگیراون، تێیدا تیشک خراوەتە سەر ژیانی ئەو هونەرمەندە و وێستگە گرنگەکانی ژیانی، لە بەشێکیدا باس لە پەیوەندیی لەگەڵ کورد و تێڕوانینی بۆ کوردستان کراوە.
 
بەرهەمەکە لە 2020 لە بەغدا و چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان وێنەگیراوە و ساڵێک دوای وێنەگرتنی، ئەو فۆتۆگرافەرە کۆچی دوایی کردووە.
 
لەتیف عانی سەردانی باشووری کوردستان کردووە و وێنەی زۆری گرتووە، لەوانە وێنەی سەرکردەکانی کورد.
 
لەتیف ئەلعانی، لە 18 تشرینی دووەمی 2021، لە تەمەنی 89 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشییەوە لە بەغدا کۆچی دواییکرد.
 
لەلایەکی دیکەوە، فیلمی "مێسیی بەغدا" لە دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە، لە سینەماکانی هەولێر، سلێمانی و بەغدا پێشاندرا و پێشاندانی لە هەولێر بەردەوامە.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە براوەی چەند خەڵاتێکە، لەوانە سێ خەڵاتی سەرەکیی لە 26مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئارپا لە هۆلیوودی ئەمریکا، بۆ باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان و باشترین سیناریۆ، دوو خەڵاتی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەغدا، بۆ باشترین ئەکتەری ژن و خەڵاتی تایبەتی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵ.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "Schlingel" لە ئەڵمانیا، خەڵاتی لیژنەی دادوەری گەنجانی وەک باشترین فیلم، هەروەها خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی لە 10مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بەدەستهێنا.
 
"مێسیی بەغد" بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا کردووە، لەوانە 25مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی شەنگهای و بەربژێری سێ خەڵات بوو.