هەڤاڵ ئیبراهیم بەرهەمێکی ماشۆپی بڵاوکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند هەڤاڵ ئیبراهیم، نوێترین بەرهەمی بەشێوەی ماشۆپ بڵاوکردەوە کە چەند بەرهەمێکی فۆلکلۆری لەخۆدەگرێت و پێشتر ئەو گۆرانیانە بە دەنگی چەند هونەرمەندێک گوتراون.
ئەم بەرهەمە بەشێوەی ڤیدیۆ و گرافیک بڵاوکراوەتەوە و بەناوی 'سێپێ'یە و لە کەناڵی تایبەتی هەڤاڵ ئیبراهیم لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
هەڤاڵ ئیبراهیم، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم بەرهەمە ماشۆپە، پێنج گۆرانی فۆلکلۆر لەخۆدەگرێت، بەناوەکانی 'نازێ'، 'وەلا تو دینی'، 'دێ دلو'، 'گولا باخێ' و 'هەوار'.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەرهەمەکەی ناو ناوە 'سێپێ' کە شێوازێکی هەڵپەڕکێی کوردییە، بەتایبەت لە دەڤەری بادینان.
کاری ئەرێنجی ئەم بەرهەمە لەلایەن رێناس کورداخ کراوە و لە ستۆدیۆی فۆر میوزیک تۆمارکراوە، رەیان فەرسەت کاری گرافیکی بۆ کردووە.
هەڤاڵ ئیبراهیم، خەڵکی دهۆکە و لە 1980 لە موسڵ لەدایكبووە، خاوەنی چەندین ئەلبووم و ڤیدیۆکیلپە، هەر لە منداڵییەوە هۆگری هونەر بووە و لەو بوارەدا خوێندوویەتی، لە تەمەنی نۆ ساڵیدا چەندین گۆرانی تۆمارکردووە.
لە 2003 یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی 'زی بزڤڕە' بڵاوکردەوە، لە 2005 خوێندنی لە بەشی میوزیکی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی دهۆک تەواوکردووە.
هەڤاڵ ئیبراهیم، لە 2006 دووەم ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی 'خوزی' بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، 'من چکریە' سێیەم ئەلبوومی بوو و لە 2009 بڵاوکرایەوە و دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو.
دوایین ئەلبوومی گۆرانی ئەو گۆرانیبێژە بەناوی 'من تو ناسکر' بوو کە لە 2011 بڵاوکرایەوە.
دوایین ڤیدیۆکلیپی ئەو هەنەرمەندە بەناوی 'پەنجەرا ژڤانا' بوو و لە 30-7-2021 بڵاوکرایەوە و زیاتر لە یەک ملیۆن و 450 هەزار بینەری لە کەناڵی تایبەتی ئەو هونەرمەندە لە یوتیوب هەیە.
کەناڵی هەڤاڵ ئیبراهیم لە یوتیوب، 110 هەزار سەبسکرایپی هەیە و کۆی ڤیدیۆکانی زیاتر لە 45 ملیۆن و 756 هەزار بینەریان هەیە.
'من تو ناسکر' وەک بەهێزترین ڤیدیۆکلیپی ئەو هونەرمەندە لە رووی ژمارەی بینەرانەوە دەناسرێت کە لە 2012 بڵاوکرایەوە و زیاتر لە پێنج ملیۆن بینەری هەیە.
لە دوای ئەو ڤیدیۆکلیپە هەردوو ڤیدیۆکلیپی 'لەیلا' بە زیاتر لە چوار ملیۆن و 695 هەزار و ڤیدیۆکلیپی 'تو یا جانی' بە زیاتر لە چوار ملیۆن و 578 هەزار بینەر، دێن.