بە فیلمێکی نگین ئەحمەدی دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام دەستپێدەکات

رووداو دیجیتاڵ

دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام سازدەکرێت و 25 فیلمی کوردی و فیلم لەبارەی کورد بەشدارن و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵات دەکەن.
 
رێبەر دۆسکی، بەڕێوەبەری هونەری فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە بەشداری 25 فیلم، دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام سازدەکرێت و 22 فیلم بەرهەمی فیلمسازانی کوردن لە هەرچوار پارچەی کوردستان، سێ فیلمیش بەرهەمی فیلمسازی نەتەوەی دیکەن، بەڵام چیرۆکیان لەبارەی کوردە.
 
دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام، ئێوارەی رۆژی هەینی 12ـی ئایاری 2023 لە ئەمستردامی هۆڵەندا سازدەکرێت، جگە لە پێشاندانی فیلم، چەند پانێڵێک لەبارەی سینەما و فیلمە کوردییەکان لەخۆدەگرێت و ماوەی سێ رۆژ دەخایێنێت و لە 14 هەمان مانگ خەڵاتەکان دابەش دەکرێن.
 
دۆسکی، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەڵگەفیلمی درێژ 'دەروازەی خەونەکان' لە دەرهێنانی نگین ئەحمەدی، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان، وەک فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵ بەشدارە کە بەشداری لە چەند فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیدا کردووە، لەوانە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین.
 
لە فێستیڤاڵەکەدا 11 فیلمی بڵندی سینەمایی بەشدارن، فیلمە بەشداربووەکانی دیکە، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمی کورت و درێژن.
 
بەڕێوەبەری هونەری فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام، ئەوەشی خستەڕوو، لە فێستیڤاڵەکەدا بەشی پێشبڕکێ هەیە و خەڵات بە باشترین فیلمی درامایی، باشترین ئەکتەری ژن و پیاو، باشترین کورتە فیلم، باشترین بەڵگەفیلمی کورت و درێژ دەبەخشرێت.
 
رێبەر دۆسکی، فیلمسازێکی کوردە و لە دهۆکی باشووری کوردستان لە دایکبووە، لە هۆڵەندا دەژی و خوێندنی لە بواری دەرهێنانی فیلم لە ئەکادیمیای فیلم لە ئەمستردام خوێندووە، یەکەم بەڵگەفیلمی بەناوی 'The Call' لە 2013 بەرهەمهێناوە، ساڵی دواتر کۆمپانیای بەرهەمهێنانی تایبەت بە خۆی بەناوی 'ئادار فیلم' دامەزراندوو، لە رێگەی بەرهەمەکانییەوە چەند خەڵاتێکی بەدەستهێناوە.
 
فێستیڤاڵەکەد بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' بەڕێوەدەچێت، دۆسکی رایگەیاند، لە فێستیڤاڵەکەدا گرنگی بە ژن و فیلمسازانی ژن دراوە و ئامانجیان لە فێستیڤاڵەکە پێشاندانی کولتووری کورد و دروستکردنی پردی پەیوەندییە لە نێوان کۆمەڵگەی کوردی و ئەوروپی.

 

لەبارەی پاڵپشتی فێستیڤاڵەکەش، گوتی، پێویستە هەر فێستیڤاڵێک دوو ساڵ بەردەوام بێت، لە خولی سێیەمیدا دەتوانێت پشتگیری پەیدا بکات، خولی یەکەم و دووەمی بە هاوکاری رەوەندی کوردی لە ئەوروپا و دوو دەزگای ئەوروپی و چەند ئەوروپییەک سازکراوە کە لەگەڵ کورد هاوسۆزن. گوتیشی: "دەمانەوێت بە جیهانی دەرەوە بڵێن؛ ئێمە تەنیا سیاسەت ناکەین، بەڵکو کولتوورێکی دەوڵەمەندیشمان هەیە".
 
لە دوای دابەشکردنی خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ لە 14ـی ئایاری 2023، کۆنسێرتێک بۆ هۆزان دینۆ، هونەرمەندی باکووری کوردستان سازدەکرێت کە هەوادارێکی زۆری هەیە و بەرهەمەکانی بە ملیۆنان بینەر و بیسەری هەیە، لەوانەش گۆرانی 'هۆی یارێ' کە زیاتر لە 31 ملیۆن بیسەری لە یوتویب هەیە.
 
بەڵگەفیلمی 'دەروازەی خەونەکان' چیرۆکی کچێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بینەر دەگێڕێتەوە کە بە دوای بەشێک لە شووناسی خۆیەوە بە کامێڕاکەی دەچێتە نێو کچە شەڕڤانەکانی کۆبانێیەوە؛ کچانێک کە نە تەنیا لەگەڵ داعش، بەڵکوو بۆ جیهانی خۆیانیش شۆڕشیان کردووە، بەرهەمهێنانی فیلمەکە زیاتر لە شەش ساڵی خایاندووە.