لە دیمەشق تەمبووری کوردی هونەرمەندانی کورد و عەرەب کۆدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

لە رۆژی کۆتاییدا، فێستیڤاڵی تەمبوور لە دیمەشق بە ئاوازی ناوچەی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان دەنگی دایەوە و کۆتایی بە چالاکییەکانی هات. فێستیڤاڵەکە بە سپۆنسەریی میدیایی؛ تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەچوو و سێ رۆژی خایاند.
 
ئەکرەم سازڤان ژەنیارێکی عەفرینە و 15 ساڵە زێدی خۆی نەبینیوە، دەڵێت، ئەم رۆژە بۆ ئەوان رۆژێکی تایبەتە و بە رووداوی راگەیاند: "لە منداڵییەوە، لە تەمەنی حەوت-هەشت ساڵییەوە، تەمبوور دەژەنم. ئێستا تەمەنم 50 ساڵە و هێشتا هەر ئەو تەمبوورە دەژەنم. ماوەی 15 ساڵە لە حەلەب دەژیم. بەهۆی ستەم و زۆرداری و کێشەکانەوە ناتوانم بگەڕێمەوە عەفرین. دەرفەتم نەبووە سەردانی گوند و ماڵباتەکەم بکەم". 
 
گوتیشی: "نزیکەی 300 بۆ 400 گوند هەن کە دانیشتووانەکەیان پەرتەوازە بوون. ئەمڕۆ، ئەم تەمبوورە هەموو خەڵکی کۆدەکاتەوە. ئەم تەمبوورە لەنێوان هەموو گەلانی سووریادا خۆشەویستی دروست دەکات. ئەم تەمبوورە، تەمبووری دایکە. بە عەرەبیش پێی دەگوترێت ئامێری دایک. تەمەنی لەنێوان پێنج بۆ شەش هەزار ساڵە و لەلایەن خەڵکێکی زۆرەوە پەرەی پێدراوە."
 
لە فێستیڤاڵەکەدا نەوەک تەنیا میوزیکژەنی کورد، بەڵکو میوزیکژەنی عەرەبیش بە ئاوازی کوردی بەشداربوون. هەروەها لەنێو میوانەکاندا عەرەب، کورد و کریستیان ئامادەبوون.
 
ئیدریس موراد، رێکخەری فێستیڤاڵەکە بە رووداوی گوت: "ئەوەی سیاسەت جیای دەکاتەوە، میوزیک و ئاواز کۆی دەکاتەوە. وەک بینیتان، لەنێو ئامادەبووانی فێستیڤاڵەکەدا عەرەب و کورد هەبوون. لە پرۆگرامی ئەمڕۆدا تەنیا ئاوازی کوردی هەبوون، بەبێ ئاوازی عەرەبی. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە خۆشەویستی و کارلێکی گەورەی ئامادەبووانمان لەگەڵ ئاوازە پێشکەشکراوەکاندا بینی". 
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "زۆر گرنگە ئاوازی کوردی و عەرەبیی پەیوەست بە کەلەپوور و فۆلکلۆر، لەسەر شانۆ ئامادە بێت، دەبێت بەردەوام پێشکێشی ئەو کەسانەیان بکەین کە حەزیان لە میوزیکە و دەیبیستن، بۆ ئەوەی لەبیرنەکرێن."
 
فێستیڤاڵەکە بە هاوکاریی وەزارەتی رۆشنبیریی سووریا بەڕێوەچوو و نزیکەی 60 ژەنیاری تەمبوور، گیتار، ئۆرگ، چێلۆ، لە قامشلۆ، کۆبانێ، عەفرین، دیمەشق و حومسەوە بەشدارییان تێدا کرد.