هونەر و کەلوپەلەکانی دەیڤد بۆوی لە لەندەن دەخرێنەڕوو
رووداو دیجیتاڵ
هونەر و کەلەپەلە تایبەتەکانی دەیڤد بۆوی، ئەفسانەی میوزیکی جیهانی، لە پێشانگەیەکی نوێدا لە کۆگەی (V&A East) لە لەندەن دەخرێنەڕوو. سەنتەری دەیڤد بۆوی دەرگای بەڕووی سەتان کەلوپەلی ناوازەی ئەو هونەرمەندەدا دەکاتەوە، لە جلوبەرگە تایبەتەکانی تا دەگاتە تێکستی گۆرانیی دەستنووس و یادگارییە یاخیگەرییەکانی دیکەی.
لە نێو کەلوپەلەکاندا، جلێکی بەرچاو دەکەوێت کە لە گۆرانیی (ژیان لەسەر مەریخ - Life on Mars) بەکارهاتووە و لەلایەن فرێدی بورێتییەوە دیزاین کراوە.
کە بەشێوەی خولی و بە خۆڕایی بەڕێوەدەچێت، لە کۆتایی ئەم مانگەدا بەڕووی خەڵکدا دەکرێتەوە و چەندین بابەتی تێدایە بۆ هەوادارانی ئەو گۆرانیبێژ، گۆرانینووس و ئەکتەرە ئینگلیزە کە لە 1947 بە ناوی دەیڤد جۆنز لەدایکبووە.
هەروەها چاکەتە بەناوبانگەکەی کە ئاڵای بەریتانیای لەسەر و لە 1997 لەلایەن ئەلێکساندەر مەککوین بۆ گەشتی هونەریی (Earthling) دیزاینی کردبوو، سەرنجی هەمووان رادەکێشێت.
هاریەت رید، سەرپەرشتیاری نمایشی هاوچەرخ لە (V&A East)، دەڵێت: "کە تێکەڵ بە کارێکی پەیوەست بە دەیڤد بۆوی دەبیت، بێگومان شتێکی زۆر جۆشدارە. ئەرشیڤەکە گەنجینەیەکی بێوێنەیە کە 50 ساڵی کارکردنی ئەو دەگرێتەوە. بۆ ئێمە ئەوەی جێی سەرنج بوو، گشتگیرییەکەی بوو. زۆر گەورەیە و هەموو قۆناخەکانی ژیانی پیشەیی دەگرێتەوە، هەروەها قووڵییەکەشی، لە وێنە سەرەتاییەکان، دەقی دەستنووس، جلوبەرگ، ئامێرەکان، تەنانەت هونەری هەواداران و دیارییەکانیشەوە. هەموو شتێک کە پەیوەندی بە بۆوییەوە هەبێت، کۆی کردبووەوە و خۆی ئەرشیڤکارێکی چالاک بوو".
لە پێشانگەکەدا کە بڕیارە لە 13ـی ئەیلوولی 2025 بکرێتەوە، تێبینییە تایبەتەکانی لەسەر سیناریۆکان و یاداشتە خێراکانی لەسەر پەڕاوی بچووک نمایشکراون، کە هی بەرهەمی (Lazarus)ـن. هەروەها بەڵگەنامەی سەرەتایی ئەلبوومی یازدەیەمی (Low)، لێرە نمایشکراوە.
دەیڤد بۆوی لە 10ـی کانوونی دووەمی 2016 کۆچی دوایی کرد و مانگێک دواتر خەڵاتی ئایکۆنی (بریت)ـی پێبەخشرا. خەڵاتەکە لەنێو شتە نمایشکراوەکاندایە و رێزێکە لە میراتە مەزن و کاریگەرییە بەرفراوانەکەی.
پێشانگەکە یادخەرەوەی توانای بێوێنەی بۆوییە بۆ خۆداهێنانەوە لە ماوەی نیو سەدە لە میوزیک، هونەر، نمایش و ئەوەی کە زیاتر لە هەموو شتێک پێی دەناسرێتەوە، ئەوایش گۆڕانکارییە لە کارە هونەرییەکانیدا.