جوان حاجۆ: ئامادەم بچمە قامیشلۆ و مەرجم بۆ چوونە ئامەد هەیە
رووداو دیجیتاڵ
جوان حاجۆ، هونەرمەندی ناوداری کورد، رایگەیاند، ئامادەیە بگەڕێتەوە زێدی خۆی لە قامیشلۆ و کۆنسێرت ساز بکات. هاوکات، بۆ ئەنجامدانی کۆنسێرت لە باکووری کوردستان، مەرجی "دانپێدانانی فەرمی" لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دانا و جەختی کردەوە، ئەگەر ئەو مەرجە بێتەدی، "یەکەم کۆنسێرتم 100% لە ئامەد دەبێت".
جوان حاجۆ، کە لە میانی زنجیرە کۆنسێرتە سەرکەوتووەکانیدا لە باشووری کوردستان میوانی رووداو بوو، لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ دڵبخوین دارا، دەرگەی دڵی کردەوە و باسی لە هەستی خۆی بەرامبەر بە کۆنسێرتەکانی ئەم دواییەی، یادگارییەکانی رابردووی و هەڵوێستی سیاسی و هونەریی خۆی کرد.
"هەر کاتێک دەرفەت گونجا، ئامادەم بچمە قامیشلۆ"
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری سازکردنی کۆنسێرت لە رۆژئاوای کوردستان، جوان حاجۆ گوتی: "ئەمە پرسیارێکی خۆشە و لە جێی خۆیەتی. من بە دڵ و گیان ئامادەم. هەرکاتێک دەرفەتێکی باش و گونجاو هاتە پێشەوە و پێشکێشکرا، من ئامادەم بچم".
هونەرمەند باسی لە رەگ و ریشەی بنەماڵەکەی کرد کە دەگەڕێتەوە بۆ تربەسپی و ئاماژەی بەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە کرد کە لە ناوچەکەدا روویداوە. گوتیشی: "ئێمە خەڵکی گوندێکی تربەسپی بووین، بەڵام بەداخەوە دیمۆگرافیای ناوچەکە گۆڕا و کورد کەم بوونەوە. ئەمە ئازارێکی قووڵە".
مەرجی جوان حاجۆ بۆ کۆنسێرت لە باکووری کوردستان
سەبارەت بە ئەنجامدانی کۆنسێرت لە باکووری کوردستان، حاجۆ هەڵوێستێکی تووندتری هەبوو و رایگەیاند، تاوەکو دانپێدانانی فەرمی بە مافەکانی کورددا نەنرێت، ناگەڕێتەوە. ئەو جەختی کردەوە: "ئەو قسە باق و بریقانەی کە دەڵێن 'کێشەمان نییە' بەس نییە. پێویستە دانپێدانانێکی فەرمی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە هەبێت".
گوتیشی: "پێویستە دان بەوەدا بنرێت کە ئێمە نەتەوەین و جوگرافیای کوردستان دیاری بکرێت. کاتێک دەوڵەتی تورکیا بە فەرمی دانی بەم راستییانەدا نا، ئەو کاتە من دەچم و یەکەم کۆنسێرتم 100% لە ئامەد دەبێت".
"کۆنسێرتەکە کوردستانی بوو، جێگەی سەربڵندییە"
جوان حاجۆ بە جۆش و خرۆشەوە باسی لە کۆنسێرتەکەی لە دهۆک و زاخۆ کرد و بە "کۆنسێرتێکی کوردستانی" دەیاناسێنێت. ئەوەشی خستەڕوو: "خەڵک لە باکوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتبوون. بینینی ئەو یەکگرتنە جێگەی پیرۆزبایی و سەربڵندییەکی گەورە بوو".
هونەرمەند باسی لە کارلێکی گەرمی ئامادەبووان کرد و بە پێکەنینەوە گوتی: "ئەو هەستە نەتەوەیی و کوردەوارییە ئەتمۆسفێرێکی ئەوەندە خۆشی دروست کردبوو کە منی هاندا هەڵپەڕکێ بکەم، هەرچەندە من نازانم هەڵپەڕکێ بکەم! بەڵام ئەو جۆشە وای لێکردم".
گەڕانەوە بۆ رابردوو: وێنەیەکی 31 ساڵ لەمەوبەر
لە کاتی هەڤپەیڤینەکەدا، دڵبخوین دارا وێنەیەکی کۆنی خۆی و جوان حاجۆی پیشان دا کە لە 1994 لە بەرلین گیرابوو. جوان حاجۆ بە بینینی وێنەکە گەڕایەوە بۆ رابردوو و گوتی: "بیرم دێت، ئەمە لە بەرلین بوو، کات زوو دەڕوات".
سەرسامی بە ئاوەدانیی باشووری کوردستان
جوان حاجۆ سەرسامیی خۆی بە ئاستی ئاوەدانی و پێشکەوتنی باشووری کوردستان نەشاردەوە، بەتایبەتی ئاماژەی بەو هۆتێل و شوێنە پێشکەوتووانە کرد کە تێیدا مانەوە و گوتی: "راستگۆیانە، من 40 ساڵە لە ئەورووپام، بەڵام هۆتێلی ئاوا جوان و پێشکەوتووم نەبینیوە. ئەمە کارێکی گەورە و پیرۆزە کە لە باشووری کوردستان کراوە".
لەکۆتایی هەڤپەیڤینەکەدا، لە کەشێکی هونەری و دۆستانەدا، جوان حاجۆ و دڵبخوین دارا پێکەوە چەند دێڕێکی گۆرانیی (خەریبی)ـیان گوتەوە، جوان حاجۆ بە دلبخوین دارای گوت، دەنگت خۆشە، ئەویش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت، بە قەد دەنگی تۆ نا.