MBC پەشیمان دەبێتەوە
رووداو- هەولێر
پێدەچێت کاریگەری جەماوەری لەسەر ئەو بڕیارەی کەناڵیMBC دروستبووبێت، بە دەرچوونی هەر یەک لە بەشداربووانی پرایمەکە "عەمار کۆفی، محەممەد رەشاد و وەلید جیلانی" لە ئەڵقەی پێش کۆتایی پرۆگارمی "عەرەب ئایدڵ"، بۆیە ئەم حاڵەتە وایلێکردوون کە راپرسییەک ئەنجام بدەن بۆ گەڕانەوەی یەکێک لە سێ بەشداربووە دوورخراوەکان.
ئەمڕۆ 10ی دیسەمبەری 2014 ، کەناڵی MBC لە ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکەی راپرسییەكی لەژێر ناونیشانی "راپرسییەک - کامە شایەنی ئەوەیە دووبارە هەلێکی پێبدرێت لە نێوان وەلید، عەمار، رەشاد" داناوە، پێدەچێت ئەو هەلەش بە جەماوەر بدرێت بۆ ئەوەی یەکێک لەو سێ بەشداربووە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سەر ستەیجی بەرنامەی عەرەب ئایدڵ. بەپێی راپرسییەكەش كە ئێوارەی ئەمڕۆ داندراوە، عەمار كۆفی پێشەنگە.
هەواداران و بینەرانی بەرنامەی ئەرەب ئایدڵ لە کەناڵی MBC لە ئەڵقەی پێش کۆتایی پرۆگارمەکە تووشی سەرسوڕمان بوون، کاتێک عەمار کۆفی، تاكە گەنجە كوردە بەشداربووەكە و محەممەد رەشاد، لە وڵاتی میسڕ لە پێشبڕکێیەکە دوورخرانەوە، بەرلەوەی بگەنە فیناڵی پرۆگرامەکە و خەونی بەدەستهێنانی نازناوەکە لە وەرزی سێیەم بەدەستبهێنن . لە باشووری كوردستانیش بە تایبەت لە تۆڕی كۆمەڵایەتییەكان دوورخستنەوەی عەمار كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە.
ئەمە بێجگە لەوەی کە ئەندامانی لیژنەی عەرەب ئایدڵ تووشی سەرسام بوون بە بیستنی ئەنجامەکە و وەک کاردانەوەیەکیش هیچ یەکێك لە ئەندامانی لیژنەکە کۆمێنتیان نەبوو.
راپرسییەكەی MBC