ئەهوەن محەممەدی 'بەهاری دڵان'ـی محەممەد ماملێ نوێدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەهوەن محەممەدی ناسراو بە ئەهوەن حاجی محەممەدی، هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان، ڤیدیۆکلیپێکی بەناوی 'بەهاری دڵان' بەرهەمهێناوە کە یەکێک لە گۆرانییەکانی هونەرمەند محەممەد ماملێیە و بۆ یەکەمجار ئەم بەرهەمە لەرێگەی تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکرایەوە.
ئەم بەرهەمە لە ئاوازی محەممەد ماملێیە و پێشتر بە دەنگی خۆی بڵاویکردووەتەوە و ئەهوەن محەممەدی بە میوزیکێکی نوێ دووبارەی کردووەتەوە و بۆ یادکردنەوەی ئەو هونەرمەندە کۆچکردووە بڵاودەکرێتەوە.
بابەک کەدخودا کاری دابەشکردنی میوزیک و میکس و ماسترینگی بۆ گۆرانییەکە کردووە و سابیر بەهارنیا کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە کردووە کە لە چەند ناوچە و شوێنێکی جیاواز لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستان وێنەگیراوە.
ئەهوەن محەممەدی بە رووداوی راگەیاند، جگە لەم بەرهەمە، ئامادەکاری بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمێکی نوێی گۆرانی بەناوی 'لە بیرت ناکەم' دەکات و بە شێوازی پۆپە و لە دوو مانگی داهاتوودا بڵاودەکرێتەوە.
ئەهوەن محەممەدی، خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانە و تاوەکو ئێستا شەش بەرهەمی بڵاوکردووەتەوە، یەکەم بەرهەمی لە 2014 بڵاوکردەوە کە گۆرانییەکی هونەرمەند عەلی مەردان بوو.
محەممەد ماملێ، لە 2 حوزەیرانی 1925 لە مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، نازناوی ماملێ لە باپیرییەوە بۆی ماوەتەوە و لە 1999 کۆچی دواییکردووە، خاوەنی زیاتر لە 700 گۆرانییە و بەشێکی زۆری لەلایەن هونەرمەندانی دیکە دووبارە گوتراونەتەوە.