حەمكۆ: زەمانی سەددام باشتر بوو

رووداو- هەولێر

بە بڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری، بەرنامە هەفتانەكەی حەمكۆ شۆ كە شانۆگەرییەكی كۆمیدی بوو لە هۆڵی میدیا، راگیرا.

هونەرمەندی كۆمیدی حەمكۆ، دوای ئەوەی بڕیاری دا بە یەكجاری بگەڕێتەوە كوردستان، دەستی بەكاری هونەری كردەوە، بەڵام لەماوەی ساڵێكدا 3 كەناڵی گۆڕی و دواتر لە شاشەكان دووركەوتەوە و پەنای بۆ هۆڵی شانۆكان برد.  

حەمكۆ گلەیی لە بەرپرسانی وەزارەتی رۆشنبیری كرد و گوتی "بەبێ ئەوەی لە ناوەڕۆكی پڕۆگرامەكەم بكۆڵنەوە رایانگرت. لەو شانۆگەرییەدا ئەوەی خەڵك نەیدەوێرا بیڵێت من دەمگوت". حەمكۆ گوتیشی "لە سەردەمی سەدام حوسێنی گۆڕ بەگۆڕ، هیچ شتێك رێزی نەبووایە، هونەر و هونەرمەند رێزیان هەبوو، بەڵام بەداخەوە ئێستا نە بەرهەمی هونەر هەیە و نە رێزیش بۆ هونەرمەندان".