ئەنتۆنی هۆپکنز بەشداری لە فیلمێکی نوێدا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

ئەنتۆنی هۆپکنز، ئەکتەری بەریتانی، لە فیلمێکی نوێی سینەماییدا بەناوی 'Rebel Moon' رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت و بەرهەمی تۆڕی نێتفلێکسە.
 
ئەم بەرهەمە لە دەرهێنانی زاک سنایدەرە و بەم دواییە هۆپکنز بۆ بەشداربوون لەم بەرهەمەدا رەزامەندی پێشاندا و گرێبەستی واژۆکردووە، بەڵام رۆڵگێڕانی تەنیا بە دەنگ دەبێت بۆ کارەکتەری جیمی کە رۆبۆتێکی شەڕکەرە.
 
ئەم بەرهەمە دەبێتە نوێترین کاری هۆپکنز، براوەی خەڵاتی ئۆسکار لەگەڵ تۆڕی نێتفلێکس، لە دوای ئەوەی لە 2019 لە زنجیرەی 'The Two Popes'ـی ئەو تۆڕەدا بەشداربوو. 
 
'Rebel Moon' داستانێکی خەیاڵییە، باس لە شوێنێک دەکات کە لە لێواری گەلەئەستێرەیەکەدایە و دەکەوێتە ژێر هەڕەشەی هێزێکی گەورە، بۆیە ئەوانیش کچێک بۆ هەسارەکانی دیکە دەنێرن بۆ ئەوەی هاوکاری و پاڵپشتییان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزە پەیدا بکات.
 
هۆپکنز، ساڵی رابردوو توانی دووەم خەڵاتی ئۆسکار لەرێگەی فیلمی سینەمایی 'The Father' بەدەستبێنێت و بڕیارە نوێترین فیلمی بەناوی 'Armageddon Time' بڵاوبکرێتەوە کە مانگی رابردوو لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان پێشاندرا.
 
هۆپکنز، جگە لە بەشداریکردن لە هەردوو فیلمی 'Zero Contact' و 'The Son'، ئامادەکاری بۆ بەشداریکردن لە فیلمی 'Freud’s Last Sessio' دەکات، تێیدا رۆڵی زیگمۆند فرۆید دەگێڕێت.