گرووپی نیشتمان میوزیک پاکێجێک بڵاودەکاتەوە
لەم میوزیک پاکێجەدا سێ ئەلبوومی ئەم گرووپە بەناوەکانی، ئەلبوومی کوردستان، کۆبانێ و Improvisations لە یەک پاکێجدا کۆکراوەتەوە.
هەژار زەهاوی هونەرمەند و سەرپەرشتیاری گرووپەکە، لەبارەی ئەم میوزیک پاکێجەوە بەرووداوی راگەیاند" لەم میوزیک پاکێجەدا ئاوازەکانی نیشتمانی خۆمان دەکەینە دیاری بۆ هەموو ئەوانەی نیشتمانیان هەیە، نیشتمانی ئێمە هێشتا بەسەر نەخشەی جیهانەوە نییە، بەڵام لە شوێنێکی گرنگترە، ئەویش نێو هونەر و دڵی ئێمەیە".
تۆڕی میدیایی رووداو هەر لەسەرەتای دروستبوونی گرووپی میوزیکی نیشتمان، هاوکار و پاڵپشتی سەرەکی ئەو گرووپە بووە و بە سپۆنسەری رووداو دوو ئەلبوومی گۆرانی و میوزیکی کوردی بەناوەکانی کوردستان و کۆبانێ بڵاوکردووەتەوە، هەژار زەهاوی لەوبارەوە دەڵێت: "پڕۆژەی نیشتمان، پڕۆژەیەکی بەردەوامی پەڕاندنەوەی هونەری کوردییە بۆ جیهان، کە بە پشتیوانی تۆڕی میدیایی رووداو ئەم پڕۆژەیە پێشكەشدەکرێت".
گرووپی میوزیکی نیشتمان، لەلایەن هونەرمەندی ناسراوی کورد هەژار زەهاوییەوە رابەرایەتی دەکرێت، کە بەڕێوەبەری هونەری و دامەزرێنەری گرووپەکەیە، ئەم گرووپە تاوەکو ئێستا بەشدارییان لە دەیان فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە، چەندین ژەنیاری ناوداری لەم گرووپە ئەندامن وەک سوهراب پوور نازری، گرووپەکە خاوەنی سێ ئەلبوومی میوزیک و گۆرانییە، تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری هەرسێ ئەلبوومەکەی کردووە و دوایین کاریشیان ئەم بەرهەمە بوو، کە بەناوی میوزیک پاکێجی پڕۆژەی نیشتمان بڵاویان کردەوە.
ئەلبۆمی کۆبانێ لە بەرهەمەکانی گرووپی میوزیکی نیشتمان
1- شیرین
2- کۆبەد
3- ئەمان ئەمان
4- گەنج خەلی
5- خۆرهەڵات
6- کۆبانێ
7- هەولێر
داڕشتنەوە؛ عومەر شایان