ئۆپرا وێنفری لە نمایشی کۆمەڵە دیزاینی راڵف لۆرن
رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی گەیشتنی بۆ نوێترین نمایشی جلوبەرگی براندی راڵف لۆرن، ئۆپرا وێنفری، پێشکێشکاری دیاری ئەمریکی، بیرەوەرییەکی کۆنی خۆی گێڕایەوە کە پەیوەندی بە یەکەم خەرجیی گەورەی ژیانییەوە هەبوو، دوای ئەوەی دەستی بە کارکردن کرد و پارەی پێویستی بۆ کرێ و خەرجییەکانی دیکەی هەبوو.
وێنفری رایگەیاند: "یەکەم خەرجیی گەورەی من لە ژیانمدا کڕینی خاولییەکانی راڵف لۆرن بوو". ئاماژەی بەوەدا کە کاتێک باربارا واڵتەرز، ژنە رۆژنامەڤانی ناسراو سەردانی ماڵەکەی کردووە، شانازیی بە خاولییەکانییەوە کردووە و پێی گوتووە، "دەتەوێت خاولییە راڵف لۆرنەکانم ببینیت؟"
گوتیشی: "لە کاتی گەورەبووندا، ئەو بۆ من ستاندارد بوو، نەک تەنیا بۆ جلوبەرگ، بەڵکو بۆ ژیانی ماڵەوە و بۆ ئەو مانایەی کە بە دەورەدران بە جوانی، نایابی، شێواز و رێکخستن دەیبەخشی، هەروەها بۆ ئەوەی بەهای هەموو شتێکی ژیانی خۆت بزانیت".
نمایشەکەی رۆژی چوارشەممە 10ـی ئەیلوولی 2025 یەکێک بوو لەو نمایشانەی کە لۆرن بە "تایبەت و نزیک" ناوی دەبات، چونکە لە ستۆدیۆی دیزاینی تایبەتی خۆی لە شەقامی مێدیسن ئەڤینیو بەڕێوەچوو کە بە شێوەیەکی سادە و جوان بە قەنەفەی سپی رازێنرابووەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، وشەی "تایبەت" بۆ دیزاینەرە تەمەن 85 ساڵییەکە هێشتا مانای ئەوە بوو کە هەوادارانی لە پێنج ریزدا لە دەرەوەی باڵەخانەکە وەستابوون بۆ گرتنی وێنەی کەسایەتییە ناودارەکان، وەک ئۆپرا وینفری نیک جۆناس و پریانکا چۆپرا جۆناس و چەندین ئەستێرەی دیکە.
دیزاینەکان لە کۆمەڵە دیزاینی بەهاری 2026 بوون کە بە شێوەیەکی بەرچاو پشتی بە ستایلی ناسراوی لۆرن بەستبوو. دیزاینەکان بریتی بوون لە چاکەتی فراوان لەگەڵ پانتۆڵ و تەنوورە. رەنگی سەرەکیی چاکەت و پاڵتۆکان سپییەکی پاک و درەوشاوە بوو.
رەنگە زاڵەکانی کۆلیکشنەکە سپی و رەش بوون، کە بە رەنگی سوور رازێنرابوونەوە. هەندێکجار رەنگە سوورەکە تەنیا بۆینباخێکی بچووک بوو لە ملدا، بەڵام چەند عەزییەکی سووری درەوشاوەش نمایشکران، یەکێکیان شێوازێکی سادەتری هەبوو و ئەوی دیکەیان کراسێکی ئاوریشمی بێ قۆڵ بوو.
سەبارەت بە ئەکسیسوارات، زۆربەی جلەکان بە ملوانکەی زیوی گەورە و قورس رازێنرابوونەوە، هەندێکیشیان کڵاوی گەورەیان لەسەر بوو.
نمایشەکەی راڵف لۆرن لە دەستپێکی هەفتە نمایشی جلوبەرگی نیویۆرک بوو کە تاوەکو 16ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.