دەشنێ موڕاد: ئاینی خۆم نەگۆڕیوە



رووداو – هەولێر

هونەرمەند دەشنێ موڕاد، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوەو دەڵێت، "ئاینی خۆمم نەگۆڕیوە"، ئەمەش لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە چەند ماڵپەڕێک کە باسیان لەوە کردووە، گوایە دەشنێ موڕاد بووەتە زەردەشتی.

دەشنێ موڕاد دەڵێت، "چەند رۆژێک لەمەو بەر لە ئینستاگرام ڤیدیۆیەکم بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا کتێبی ئاینی زەردەشتی دەخوێنمەوە، لەسەر ڤیدیۆکەش ناونیشانی کتێبەکەم نووسیوە وەک هەموو جارێک ئەنجامی دەدەم، مەبەستم لە خوێندنەوەی ئەو کتێبە وەرگرتنی زانیاری و تێگەشتن بووە لە مێژوو و رابردووی نەتەوەەکەم".

دەشنێ دەشڵێت، "بەداخەوە چەند ماڵپەڕێک ئەو ڤیدیۆیەیان بەکارهێناوە گوایە من ئاینی خۆمم گۆڕیوەو بوومەتە زەردەشتی، ئەو بابەتە زۆر دوورە لە راستی و خۆشم نازانم ئەو پڕوپاگەندەیە چۆن دروست بووە، نیگەرانیشم کە میدیای کوردی زۆر ئازان لە شکاندنی خانمان بەگشتی و خەڵکانێک هەن پارە دەدەن بەخاوەنی ئەو ماڵپەڕانە بۆ ئەوەی خانمان بشکێنن".