لە هەولێر شەوەئاهەنگێک بۆ نانسی عەجرەم سازدەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

لە درێژەی زنجیرە کۆنسێرت و شەوەئاهەنگەکانی نانسی عەجرەم، هونەرمەندی لوبنانی، بڕیارە ئەمجارە شەوەئاهەنگێک لە هەولێر سازبکات.
 
وائیل ئەحمەد، رێکخەری کۆنسێرتەکە، بە رووداوی راگەیاند، لە درێژە کۆنسێرت و شەوەئاهەنگەکانیاندا بۆ هونەرمەندانی کورد و بیانی، ئەمجارە، شەوەئاهەنگێک بۆ نانسی عەجرەم، هونەرمەندی ناسراوی لوبنانی لە هەولێر دەگێڕێن.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، شەوەئاهەنگەکە لە 16ـی تشرینی دووەمی 2023 سازدەکرێت، تێیدا هونەرمەند گوڵبژێرێک لە بەرهەمە کۆن و نوێیەکانی پێشکێش بە هەوادارانی لە هەولێر دەکات.
 
'تجي ننبسط' نوێترین ڤیدیۆکلیپی نانسی عەجرەمە کە لە 8ـی ئابی 2023 بڵاوکرایەوە و زیاتر لە 12 ملیۆن بینەری لە یوتیوب هەیە. 
 
نانسی عەجرەم لە 2011 بۆ یەکەمجار سەردانی باشووری کوردستانی کرد و کۆنسێرتێکی لە هەولێر سازکرد.