تەیلەر سویفت بۆ هاندانی خۆشەویستەکەی و یانەکەی هەزاران کیلۆمەتەر دەبڕێت

رووداو دیجیتاڵ

تەیلەر سویفت، هونەرمەندی ئەمریکی، بۆ هاندانی خۆشەویستەکەی و یانەکەی لە سوپەر بۆڵی ئەمریکا، هەزاران کیلۆمەتەر لە تۆکیۆوە بۆ لاس ڤێگاس دەبڕێت و ئەمساڵ زۆرترین سەرنجی میدیاکان لەو رووداوە وەرزشییە گرنگە، لەسەر ئەو هونەرمەندە بوو.
 
تەیلەر سویفت، لە تۆکیۆی ژاپۆن بوو؛ بۆ سازکردنی چوار کۆنسێرت لە چوارچێوەی گەشتە هونەرییەکەی بەناوی 'Eras Tour' و دوایین کۆنسێرتی لە 10ـی شوباتی 2024 سازکرد و رۆژی دواتر گەڕایەوە ئەمریکا و گەشتەکەی بە فرۆکە 13 کاژێری خایاند.
 
سویفت، لە 4ـی شوباتی 2024 لە دوای بردنەوەی خەڵاتی گرامی بۆ باشترین ئەلبوومی پۆپ، گەشتی بۆ ژاپۆن کرد.
 
بە بەشداری ژمارەیەک ئەستێرەی میوزیک و گۆرانی، یاریی سوپەر بۆڵی ئەمریکا بەڕێوەچوو و لە هەردوو گەیمی یەکەم و دووەم چەند بەرهەمێک پێشکێشکران.
 
سوپەر بۆڵ یاریی کۆتایی نێوان پاڵەوانی کۆمەڵەی تۆپی پێی ئەمریکی (AFC) و کۆمەڵەی تۆپی پێی نیشتمانیی (NFC)یە، جگە لەو هونەرمەندانەی لە گۆڕەپانی یاریگەکە لە لاس ڤێگاسی ئەمریکا ئامادەبوون، بەشێک لە ئەستێرەکان بۆ بینی ئەو رووداوە وەرزشی و هونەرییە لە نێو جەماوەردا ئامادەبوون.
 
58مین گەڕی سوپەر بۆڵ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی شوباتی 2024 بەڕێوەچوو و سەرەتا پۆست مەلۆن، راپەر و گۆرانیبێژی ئەمریکی، گۆرانی 'America the Beautiful'ـی پێشکێشکرد و دواتر ریبا ماکنتایەر، گۆرانیبێژ و ئەکتەری ئەمریکی، سروودی نیشتمانیی 'The Star Spangled Banner'ـی پێشکێشکرد.
 
ئاشەر، هونەرمەندی ئەمریکی، ئەستێرەی ئەمجارەی سوپەر بۆڵ و گۆرانی پێشکێشکرد، جگە لە گرووپە میوزیکییەکەی، ژمارەیەک لە سەمکاران لەگەڵیدا بوون.
 
ئاشەر بە گۆرانی 'Caught Up' دەستیپێکرد، دواتر هەریەک لە گۆرانییەکانی 'U Don't Have to Call'، 'Superstar' و 'Love in the Club'ـی پێشکێشکرد.
 
'Confessions' یەکێک لە ئەلبوومە سەرکەوتووەکانی ئاشەر تەمەن 45 ساڵە و بە یەکێک لە ئەلبوومە پڕفرۆشەکانی جیهان دەناسرێت، ئەمساڵ 20 ساڵ بەسەر بڵاوکردنەوەیدا تێدەپەڕێت.
 
ئەلیشا کیز، هونەرمەندی ئەمریکی، یەکێکی دیکە لە گۆرانیبێژەکان بوو کە بە جلێکی سوور لە سوپەر بۆڵی 2024 بەشداربوو و هاوڕێ لەگەڵ پیانۆژەن، گۆرانی ' If I Ain't Got You'ـی پێشکێشکرد.
 
ئێج. ئی. ئاڕ. یەکێکی دیکە لە هونەرمەندە بەشداربووەکانی سوپەر بۆڵی ئەمساڵ بوو کە وەک گۆرانیبێژێکی ئاڕ ئاند بیی ئەمریکی دەناسرێت.
 
بە درێژایی 13 خولەکی کۆتایی گەیمی یەکەم، هەردوو راپەری ئەمریکی، جیرمەین دوپرێ و لیل جۆن راپیان پێشکێشکرد.
 
لە سوپەر بۆڵی ئەمساڵ، یانەی کانزاس سیتی چیفس توانی بەسەر یانەی سان فرانسیسکۆ فۆرتی ناینەرز سەرکەوێت و ببێتە پاڵەوانی 2024.
 
تایلەر سویفت، بۆ هاندانی یانەی کانزاس سیتی چیفس ئامادەبوو کە خۆشەویستەکەی تراڤس کێڵس لەو یانەیە یاریی دەکات و بە ماچێک لە بەردەم ئامادەبووان، ئاهەنگی سەرکەوتنی لەگەڵ خۆشەویستەکەی گێڕا.
 
یاریی سوپەر بۆڵ بەوە ناسراوە کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی یارییەکە، نرخی بلیتەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبنەوە،  چەند مانگێک بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە، نرخی بلیتەکانی لە 50 بۆ 100 دۆلار دەفرۆشرێن، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی یارییەکە، نرخی بلیتەکانی بە هەشت هەزار و 600 دۆلار بۆ نۆ هەزار و 300 دۆلار دەفرۆشرێن، نرخی گەیشتووەتە 12 هەزار دۆلاریش، بێگومان ئەو جۆرە بلیتانە تایبەتمەندی زیاتری لە بلیتی ئاسایی هەیە، بەڵام گرانترین بلیتی ئەمساڵ بە بڕی 40 هەزار دۆلار فرۆشراوە.