بەشێکی نوێی فیلمی 'سوپەر ماریۆ' بەرهەم دەهێندرێت

رووداو دیجیتاڵ

لە دوای سەرکەوتنی دوایین بەشی زنجیرە فیلمی ئەنیمەیشن "The Super Mario Bros"، بەرهەمهێنەرانی سەرقاڵی بەرهەمهێنانی بەشێکی نوێی ئەم بەرهەمەن و بڕیارە لە 2026 لە سینەماکانی جیهاندا پێشانبدرێت.
 
کۆمپانیای "نیتیندۆ"ـی ژاپۆنی کە بەرهەمهێنەری فیلمەکەیە، رایگەیاند، ئەم بەرهەم سینەماییە لە 3ـی نیسانی 2026 لە سینەماکانی ئەمریکا پێشاندەدرێت و لە داهاتوودا وردەکاری دیکە لەبارەی بەرهەمهێنانی بڵاودەکەنەوە.
 
فیلمی "The Super Mario Bros. Movie" کە لە 2023 بڵاوکرایەوە، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا یەک ملیار و 360 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بوو و دووەم فیلمی پڕداهاتی ئەو ساڵە بوو دوای فیلمی "Barbie".
 
لە 1993 فیلمی ئەنیمەیشنی "Super Mario Bros" بڵاوکرایەوە، بەڵام بە فیلمێکی شکستخواردوو هەژمارکرا، هۆکارکەیشی ئەوەبوو کە بودجەی بەرهەمهێنانی 48 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام تەنیا 38 ملیۆن و 900 هەزار دۆلاری بەدەستهێنایەوە.
 
پێشتر کۆمپانیای نیتیندۆ مافی بەکارهێنانی ئەو کارەکتەری بە هۆلیوود فرۆشت، ئەنجامەکەیشی لە رووی داهاتەوە فیلمێکی شکستخواردو بوو، بەڵام لە 2023ـدا خۆی لە بەرهەمهێنانیدا بەشداربوو، بۆیە بۆ جاری دووەم ئەو ئەزموونە لە بەرهەمهێناندا تاقیدەکاتەوە. 
 
لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای نیتیندۆ فیلمێکی دیکەی نوێی سینەمایی بەرهەمدێنێت کە چیرۆکەکەی لە یارییەکی ڤیدیۆیی ئەو کۆمپانیایە بەناوی "Super Mario Bros" وەرگیراوە، دوایین بەشی ئەو یارییە ڤیدیۆییە لە 2023 بڵاوکرایەوە و زیاتر لە 20 ملیۆن کۆپیی فرۆشرا.
 
کارەکتەری سوپەر ماریۆ، وەک کارکتەری سەرەکی لە زنجیرە یارییەکی ڤیدیۆیی بە هەمان ناو بەکارهاتووە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 بەشی بەرهەمهاتووە. 
 
رووداوەکانی ئەو یارییە باس لە سوپەر ماریۆ لە شانشینی قارچک دەکات و ئەرکی سەرەکیی رزگارکردنی شازادە "پیچ"ـە کە لەلایەن نەیارەکەی "باوزە" رفێندراوە.
 
یەکەم بەشی ئەم بەرهەمە لە 1985 بڵاوکرایەوە، وەک فیلم و زنجیرەی ئەنیمەیشن بەرهەمهێنراوە و زیاتر لە 380 ملیۆن کۆپی لەو یارییە ڤیدیۆییە فرۆشراوە، بەمەش دەبێتە پێنجەم پڕفرۆشترین باشترین زنجیرە یاریی ڤیدیۆیی لە جیهاندا.