حوسێن سەفامەنش زنجیرە ئاهەنگێک لە ئەوروپا دەگێڕێت
رووداو دیجیتاڵ
"چۆپیی سوور" بەرهەمێکی نوێی هەڵپەڕکێ و شادی هونەرمەند حوسێن سەفامەنیشە و بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و هاتنی وەرزی بەهار، بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاویکردووەتەوە و هەر بەم بۆنەیەوە زنجیرە ئاهەنگێک لە ئەوروپا سازدەکات.
حوسێن سەفامەنش، بە تۆڕی میدیایی رووای راگەیاند، "چۆپی سوور" لە تێکستی شاهور کرماشانییە و کاری دابەشکردنی میوزیکی لەلایەن پووریا وەرزیری کراوە، کاری دەرهینانی ڤیدیۆکلیپی لەلایەن عەلیرەزا سەفەرنەژاد کراوە. گوتیشی، لە تاران تۆمارکراوە و گرووپی هەڵپەڕکێی ماکوان تێیدا بەشدارە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەشێکی زۆری بەرهەمەکە لەلایەن هونەرمەندانی کورد لە باکووری کوردستان تۆمارکراو و تەواوی تێچووی لە ئەستۆی خۆی بووە.
سەفامەنش، گوتیشی، لە چەند رۆژی داهاتوودا، بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە گەشت بۆ دەرەوەی وڵات دەکات و زنجیرەیەک ئاهەنگێک بۆ کوردانی تاراوگە سازدەکات، بەتایبەتیش، لە سوێد، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، نەرویج و فینلەند.
حوسێن سەفامەنش، خەڵکی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و بە زاراوە جیاوازەکانی کوردی گۆرانی دەڵێت و هەواداری زۆری هەیە.
بەهۆی ناڕەزایی و خۆپێشادانەکانی 2022 لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەو هونەرمەندە وەک هەڵوێستێک، کۆنسێرتێکی لە هەولێر هەڵوەشاندەوە کە بڕیاربوو لەلایەن ماڵی میوزیکی زەهاوی بۆی سازبکرێت.