دڵزار عابدی سەمفۆنیای 'داربەڕوو' بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

سەمفۆنیای 'داربەڕوو' ئەلبوومێکی سەمفۆنییە، بە شیعری شێرکۆ بێکەس، شاعیری ناسراوی کورد و بە ڕێبەری ئۆرکێسترایی دڵزار عابدی و بە دەنگبێژی هونەرمەندان کیژان ئیبراهیم خەیات، عەلی عابدی، رابەر کوردستانی و ئەردەوان رۆستەمپوور بەرهەمهاتووە.
 
هونەرمەند رابەر کوردستانی، بە رووداوی راگەیاند، ئەم بەرهەمە سەمفۆنیایە لەلایەن ئۆرکێسترای ژێداری تاران بە مایسترۆی عەلی جەعفەریپویان لە ستۆدیۆ 'دەژاهەنگ' تۆمارکراوە و لە ئۆرکێسترای ژێدار و کۆراڵ پێکهاتووە و چەند ئامێرێکی کوردی تێیدا بەکارهاتوون.
 
دڵزار عابدی، ئاوازدانەر و ژەنیاری پیانۆ، لە سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، دەرچووی بەشی ئاوازدانانی زانکۆی هونەرەجوانەکانی تارانە و تا ئێستا چەندین بەرهەمی بۆ هونەرمەندان بەرهەمهێناوە، هەروەها نۆژەنکردنەوەی چەندین بەرهەمی حەسەن زیرەک و محەمەد ماملێ. 
 
'داربەڕوو' یەکەمین سەمفۆنیای عابدییە و ئێستا لە هەموو پلاتفۆڕمە جیهانییەکان لە بەردسەتدایە و هۆگرانی میوزیک دەتوانن گوێبیستی بن.