مەم ئارارات: پیرۆزترین شت مردن نییە، ژیانە


رووداو دیجیتاڵ

مەم ئارارات، هونەرمەندی ناسراوی کورد، پەیامێکی بڵاوکردەوە، تێیدا جەخت لەسەر پیرۆزیی ژیان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە دەکاتەوە، نەک شەڕ و پێکدادان. 
 
مەم ئارارات، رۆژی هەینی 11ـی تەممووزی 2025 پەیامەکەی لە ستۆری هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام و فەیسبووک بڵاوکردەوە، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ رێوڕەسمی سیمبوڵی چەکدانانی پەکەکە.
 
مەم ئارارات لە سەرەتای پەیامەکەیدا کە لەسەر وێنەیەکی چیاکانی کوردستان نووسراوە، دەڵێت: "بێگومان پیرۆزترین شت مردن نییە؛ ژیانە." هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ چارەسەر بکرێن و دەڵێت: "بێگومان باشترە مرۆڤ کێشەکانی لە بری شەڕ و پێکدادان، بە گفتوگۆ چارەسەر بکات."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئارارات هیوای ژیانێکی ئازاد و سەربەرزانە بۆ هەموو گەلان و بەتایبەتی بۆ کورد دەخوازێت و دەڵێت: "بەو هیوایەین هەموو گەلێک لەسەر خاکی خۆی بە رەنگی خۆی، بە دەنگی خۆی و بە شێوەیەکی ئازادانە و سەربەرزانە بژی، ئێمەی کوردیش لەنێویدا."
 
ئارارت گرنگیی ئازادی بیردێنێتەوە و دەڵێت: "بێگومان نەبوونی ئازادی، ژیان دەکاتە شەوەزەنگ و تامی هەموو شتێک ناهێڵێت."
 
مەم ئارارات پەیامەکەی بە هیوایەک کۆتایی پێدەهێنێت و دەنووسێت: "بەو هیوایەی هیواکانمان جارێکی دیکە نەشکێن. خوایە بە خێر بیگەڕێنیتەوە".
 
مەم ئارارات، لە 1981 لە گوندی گرکێ شێخێ لە ناوچەی دێرکی چیای مازی لە مێردینی باکووری کوردستان لەدایکبووە، یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بە پاڵپشتی هاوڕێکانی بەناوی "قولنگ ئەور و باران" لە 2013 بڵاوکردەوە.
 
ئەو هونەرمەندە کوردە تاوەکو ئێستا پێنج ئەلبوومی گۆرانی بڵاوکردووەتەوە، جگە لە ئەلبوومی "قولنگ ئەور و باران"، ئەلبوومی "کوردیکا" لە 2016، "خەونا باژارەکی" لە 2018، "نیشتمان" لە 2019 و "پەسنا ئەڤینێ" لە 2020 بڵاوکردووەتەوە.
 
مەم ئارارات، بەشێک لە بەرهەمەکانی بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردووەتەوە، لەوانە "پاییز"، "زۆزان"، "خاترخوەستن"، "چیچەکێ"، "ژ ئێڤارەکا ئامادێ"، "ئەڤینا دوو چیا" و "دلۆ ئەز بمرم".
 
رۆژی هەینی، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی، گرووپێک گەریلای پەکەکە وەکو "نیازپاکی" بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیادا، چەکەکانیان دانا و سووتاندیان. 
 
چەکدانان و سووتاندنی چەکی ئەو گەریلایانە دوای ئەوەهات کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە 27ـی شوباتی 2025 داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. 
 
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.